عەباس عێراقچی: ناتانیاهۆ یاریی بە ئەمریکا دەکات
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە یاریپێکردن بە رای گشتی و سیاسەتەکانی ئەمریکا تۆمەتبار کرد، عێراقچی، ناتانیاهۆی بەوە تاوانبار کرد کە هەوڵ دەدات واشنتن رابکێشێتە ناو جەنگی ئێران و بە "مار" ناوی برد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، عەباس عێراقچی لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس' رایگەیاند، ناتانیاهۆ بە زمانی عیبری شانازی بەوەوە دەکات حکوومەتی ئەمریکای هەڵخەڵەتاندووە و کردوویەتییە بەشێک لە جەنگی دژی ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئێران روونیکردەوە، ناتانیاهۆ بە پێکەنینێکی گاڵتەجاڕانە و سووکایەتییەوە باسی ئەوە دەکات توانیویەتی کار لەسەر رای گشتی و سیاسەتەکانی ئەمریکا بکات، بە گوتەی عێراقچی ئەمە لە رێگەی دەرکەوتنی زیاتر لە 1000 کاتژمێر لە تۆڕی تەلەفزیۆنییەکانەکانی ئەمریکادا روویداوە، لە کاتێکدا بە زمانی ئینگلیزی ستایشی تواناکانی سەرکردایەتیی سەرۆکی ئەمریکا دەکات.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عێراقچی ناتانیاهۆی بە "مار" وەسف کرد، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ تۆمەتبارکردنی بەوەی هەوڵی کارکردن لەسەر بڕیاری ئەمریکا دەدات بۆ ئەوەی واشنتن تێوەگلێنێت لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تاران.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە ناوچەکە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بەهۆی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی لارکی ئێران و ئەو ئاڵوگۆڕە سەربازییەی دوای هێرشەکە روویدا، گرژیی بەخۆوە بینیوە.