ترەمپ: وەڵاممان بۆ هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئوردن دەبێت

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی سەربازیی توندی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، ئەمەش دوای هێرشە مووشەکییەکانی شەوی رابردووی تاران بۆ سەر بنکە و هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن دێت.

دووشەممە 31ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی فۆکس نیووزی ئەمریکی، جەختی لەوە کردەوە، واشنتن لە بەرامبەر بەئامانجگرتنی سەربازەکانیدا لە ئوردن بێدەنگ نابێت و رایگەیاند: بە توندی لێیان دەدەین و بە دڵنیاییەوە وەڵاممان بۆ ئەم دەستدرێژییەی ئێران دەبێت.

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە ئوردن توانیویەتی تەواوی ئەو مووشەکانە لە ئاسماندا تێکبشکێنێت کە ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا کرابوون، جگە لە یەک مووشەک کە لە رێڕەوی چاودێریدا دەرکەوتووە بەرەو هیچ پێگەیەکی هەستیار و گرنگ ناڕوات، هەربۆیە رێگەی پێدراوە بە ئاسمانی ناوچەکەدا تێپەڕێت بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بگەیەنێت.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ترەمپ سەرنجی خستە سەر هەڵوێستی سیاسیی تاران و ئاماژەی بەوە کرد کە ئێرانییەکان بە پەرۆشەوە خوازیاری ئەنجامدانی کۆبوونەوەن لەگەڵ واشنتن، بەڵام گومانی دەربڕی لەوەی کە ئایا دەکرێت متمانە بە تاران بکرێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەردەوام؛ هاوکات جەختیشی کردەوە، سزاکانی ئێستای ئەمریکا بە هێزەوە کاریگەرییەکانیان لەسەر ئیفلیجکردنی ئێران دروستکردووە.

دوێنێ یەکشەممە، هێزەکانی ئەمریکا لە هێرشێکی ئاسمانیدا دوو سەکۆی مووشەکیی سوپای پاسدارانیان لە دوورگەی لارک لە کەنداو بۆردوومان کرد، ئەمەش دوای ئەوەی چاودێری کرابوون کە ئامادەکارییان دەکرد بۆ هاویشتنی مووشەکی هەڵگری مینی دەریایی بۆ ناو گەرووی هورمز بە مەبەستی پەکخستنی کەشتیوانی.

لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران لە وەڵامی ئەو بۆردوومانەی سەر دوورگەی لارک، ئۆپەراسیۆنێکی تێکەڵاوی مووشەکی و درۆنیی دژ بە پێگەکانی ئەمریکا ئەنجامدا و هۆشداریی دا کە ئەم هێرشانە ناتوانن دەستبەرداربوون لە کۆنترۆڵی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا بسەپێنن.