سێنتکۆم: هیچ کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز بەر مین نەکەوتووە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) هەواڵی تەقینەوەی مین بە کەشتییەکی نەوتهەڵگردا لە گەرووی هورمز رەتکردەوە و راگەیاندراوەکەی سوپای پاسدارانی ئێرانی لەو بارەیەوە بە زانیاریی ساختە و چەواشەکارانە وەسف کرد.

دووشەممە 31ـی ئابی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، وەڵامی بانگەشەکانی سوپای پاسدارانی دایەوە کە لە میدیا فەرمییەکانی تارانەوە بڵاوکرابووەوە و باسیان لەوە دەکرد کەشتییەکی نەوتهەڵگری زەبەلاح لە رێڕەوی باشووری گەرووی هورمز بەر دوو مینی دەریایی کەوتووە و بە تەواوی پەکی کەوتووە؛ سێنتکۆم لەو بارەیەوە دووپاتیکردەوە کە ئەم زانیارییە بە تەواوی دوورە لە راستی و هیچ کەشتییەک لە گەرووی هورمز بەر مین نەکەوتووە.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەوڵەی سوپای پاسداران بەشێکە لە هەڵمەتێکی چەواشەکاری بە مەبەستی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لای کەشتییە بازرگانییەکان و تێکدانی سەقامگیریی هێڵەکانی گواستنەوەی دەریایی لە ناوچەی کەنداودا.

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، تانکەرێکی نەوتی سەرپێچیکار لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕبوون لە رێڕەوێکی نایاسایی لە باشووری گەرووی هورمز، بە دوو مینی دەریایی کێشاوە و بەو هۆیەوە ئاگر لە تانکەرەکە کەوتووەتەوە.

دوێنێ یەکشەممە، هێزەکانی ئەمریکا لە هێرشێکی ئاسمانیدا دوو سەکۆی مووشەکیی سوپای پاسدارانیان لە دوورگەی لارک لە کەنداو بۆردوومان کرد، ئەمەش دوای ئەوەی چاودێری کرابوون کە ئامادەکارییان دەکرد بۆ هاویشتنی مووشەکی هەڵگری مینی دەریایی بۆ ناو گەرووی هورمز بە مەبەستی پەکخستنی کەشتیوانی.

لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران لە وەڵامی ئەو بۆردوومانەی سەر دوورگەی لارک، ئۆپەراسیۆنێکی تێکەڵاوی مووشەکی و درۆنیی دژ بە پێگەکانی ئەمریکا ئەنجامدا و هۆشداریی دا کە ئەم هێرشانە ناتوانن دەستبەرداربوون لە کۆنترۆڵی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا بسەپێنن.