بێسێنت: سەرکردەکانی ئێران لە شۆکێکی گەورەدان بەرامبەر داڕمانی ئابووریی وڵاتەکەیان
وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، سەرکردایەتیی ئێران لە ژێر شۆکی داڕمانی ئابووریی وڵاتەکەیدایە، هاوکات پەنابردنی تاران بۆ هێرشی سەربازی وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر شکستی ئابووری لەقەڵەم دا و پێشوازیی لە پشتیوانیی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئۆپەراسیۆنی گەمارۆدانی ئابووریی ئێران کرد.
دووشەممە 31ی ئابی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی و پارێزگارانی بانکە ناوەندییەکانی گرووپی 20 لە شاری ئاشڤیل، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا وەڵامی پرسیارێکی سەبارەت بە هێرشەکەی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن و کاریگەریی سزاکان لەسەر تاران دایەوە و گوتی: ئێران بە تەواوی و بە جددی لە مەترسیی سزاکان تێگەیشتووە؛ ئەگەر سەیری لێدوانی 10 رۆژی رابردووی سەرکردە سیاسییەکانی ئێران بکەن، دەبینن کە لە شۆکێکی گەورەدان بەرامبەر دۆخی نالەباری ئابووریی وڵاتەکەیان.
بێسێنت سەرنجی خستە سەر قەیرانی سووتەمەنی لە ئێران و روونیکردەوە، وڵاتێک خاوەنی سێیەم گەورەترین سەرچاوەی وزەی جیهان بێت، بەڵام بەهۆی گەمارۆکانەوە ناچار بووە بەنزین هاوردە بکات و خەڵکەکەی شەوانە سێ بۆ چوار کاتژمێر لە نۆرەی بەنزینخانەکاندا دەمێننەوە، گوتیشی: ئێران لە رووی سەربازییەوە پەلامار دەدات، چونکە لە رووی ئابوورییەوە دۆڕاوە و توانای بەرگەگرتنی سزاکانی نەماوە.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سوپاسی یەکێتیی ئەوروپای کرد بۆ ئەو پشتیوانییە بەهێزەی کە لە میانی کۆبوونەوەکانی گرووپی 20دا بۆ ئۆپەراسیۆنی پەراوێزخستنی ئابووری نیشانیانداوە.
بێسێنت جەختی کردەوە، گەمارۆی دەریایی و گوشارە داراییەکانی واشنتن بۆ چەندین هەفتە یان چەندین مانگی دیکە بەردەوام دەبن، و پێویست ناکات ئابووریی ئێران بە تەواوی هەرەس بهێنێت، بەڵکو دەبێت تاران بە هۆش خۆیدا بێتەوە و دەستبەرداری سەرکێشییە سەربازییەکانی ببێت.
دوێنێ یەکشەممە، هێزەکانی ئەمریکا لە هێرشێکی ئاسمانیدا دوو سەکۆی مووشەکیی سوپای پاسدارانیان لە دوورگەی لارک لە کەنداو بۆردوومان کرد، ئەمەش دوای ئەوەی چاودێری کرابوون کە ئامادەکارییان دەکرد بۆ هاویشتنی مووشەکی هەڵگری مینی دەریایی بۆ ناو گەرووی هورمز بە مەبەستی پەکخستنی کەشتیوانی.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران لە وەڵامی ئەو بۆردوومانەی سەر دوورگەی لارک، ئۆپەراسیۆنێکی تێکەڵاوی مووشەکی و درۆنیی دژ بە پێگەکانی ئەمریکا ئەنجامدا و هۆشداریی دا کە ئەم هێرشانە ناتوانن دەستبەرداربوون لە کۆنترۆڵی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا بسەپێنن.