دادگای بەغدا سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بۆ رفێنەری شێلی کیتلسن دەرکرد

دادگای تاوانی ناوەندیی بەغدا بە فەرمی سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەسەر چەکدارێکی تێوەگلاو لە رفاندنی رۆژنامەنووسێکی ئەمریکی لە بەغدا سەپاند، هاوکات مافی داواکردنی قەرەبووی دارایی بۆ رۆژنامەنووسەکە لە دادگا مەدەنییەکاندا دەستەبەر کرد.

دووشەممە 31ـی ئابی 2026، بەپێی نووسراوێکی فەرمیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، دەستەی دادگای تاوانی ناوەندی لە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغدا-رەسافە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەحمەد محەمەد خەلەف، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ماوەی 15 ساڵ بەسەر تاوانبار ئەمیر رەحیم جەبار لازمدا دەرکرد، بەهۆی ساخبوونەوەی تاوانی رفاندنی هاووڵاتی و رۆژنامەنووسی ئەمریکی شێلی رێنی کیتلسن.

لە بڕیارەکەی دادگادا روونکراوەتەوە کە سزاکە بەپێی ماددەی چوارەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە 13ی ساڵی 2005 سەپێنراوە، دوای ئەوەی ناوبراو لە رۆژی 31ـی ئاداری 2026دا لە ناوچەی سەعدوونی شاری بەغدا رۆژنامەنووسە ئەمریکییەکەی رفاندبوو، هاوکات ماوەی دەستبەسەربوونی لە یەکی نیسانەوە تاوەکو 29ی ئاب لە ماوەی سزاکەی هەژمار کراوە.

دادگای تاوانەکانی بەغدا لە بڕیارەکەیدا مافی داواکردنی قەرەبووی دارایی بۆ رۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە لە بەردەم دادگا مەدەنییەکاندا پاراستووە؛ هەروەها دادوەری لێکۆڵینەوەی راسپاردووە تاوەکو بەپێی یاسای گومرگ رێکاری یاسایی دیکە بەرامبەر تۆمەتبار بگرێتەبەر بەهۆی دەستکاریکردن و ساختەکردنی تابلۆی ئەو ئۆتۆمبێلەی کە لە ئەنجامدانی تاوانی رفاندنەکەدا بەکاریهێنابوو.

رووداوی رفاندنی رۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە لە 31ی ئاداری ئەمساڵدا لە شاری بەغدا و لە کاتی پەرەسەندنی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روویدا، کاتێک لەلایەن چەکدارانی کەتائیب حزبوڵڵاوە بۆ ماوەی چەند رۆژێک دەستبەسەرکرا و تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش راگەیاندنی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران ئازاد کرا.

شێلی کیتلسن لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) وێنەی بڕیارەکەی دادگای بڵاوکردەوە و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ دەسەڵاتی دادوەریی عێراق دەربڕی.

دەرچوونی ئەم بڕیارە دادوەرییە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی لە ژێر گوشارێکی توندی ئەمریکادایە بۆ چەککردن و هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران؛ ئەو پرسەی کە بووەتە هۆی دروستبوونی گرژیی توند لە بەغدا، بە جۆرێک کەتائیب حزبوڵڵا رەتیدەکاتەوە چەکەکانی رادەستی دەوڵەت بکات.