ڤانس: کۆمەڵێک بژاردەی بەهێزمان لەبەردەستدایە بۆ وەڵامدانەوەی تاران

جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداریی دایە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بەردەوامبوونی هێرشەکانی بۆ سەر کەشتیوانیی بازرگانی باجێکی سەربازیی قورسی بۆ تاران بەدوادا دێت، هاوکات سەرنجی خستە سەر بەهێزیی سوپای ئەمریکا و پلانی ئیدارەکەیان بۆ گەشەپێدانی تەکنۆلۆژیای ژیریی دەستکرد.

دووشەممە 31ـی ئابی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی ئەندرۆس لە ویلایەتی مێریلاند، رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پەیامێکی روونی ئاراستەی سەرکردەکانی ئێران کردووە و گوتی: ئێوە هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و وەک دەوڵەتێکی شەرانگێز رەفتار دەکەن؛ پێویستە دەستبەجێ ئەم هێرشانە رابگرن ئەگەرنا رووبەڕووی لێکەوتە و سزای زۆر قورس دەبنەوە.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن کۆمەڵێک بژاردە و کەرەستەی بەهێزی لەبەردەستدایە بۆ بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەکانی تاران.

سەبارەت بە دەنگۆکانی کەمبوونەوەی کۆگاکانی چەکی ئەمریکا بەهۆی جەنگی شەش مانگەی ئێرانەوە، جەی دی ڤانس ئەو نیگەرانییانەی رەتکردەوە و جەختی کردەوە، سوپای ئەمریکا ئێستا لە هەر کاتێکی دیکە بەهێزترە، و گوتی: لە سەردەمی ئیدارەی پێشوودا کەمتەرخەمی لە دابینکردنی بودجە بۆ سوپا کرا، بەڵام ئیدارەی ترەمپ رۆژانە سەرقاڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەیە و توانای سەربازیی وڵاتەکەمان بە بەردەوامی لە هەڵکشاندایە.

لە تەوەرێکی دیکەدا و دەربارەی پرسی گەشەپێدانی ژیریی دەستکرد و دروستکردنی سەنتەرەکانی داتا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە کە ئەم سەنتەرانە بەشێکی بنەڕەتین لە ئابووریی داهاتوو، بەڵام پێویستە کۆمپانیا تەکنۆلۆژییەکان لە کاتی دروستکردنیاندا وێستگەی کارەبای تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن تا نەبنە هۆی دروستکردنی بارگرانی لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی و گرانبوونی نرخی کارەبا لەسەر هاووڵاتییان.