عەبوودی: زەیدی سەردانی پاریس و بەرلین دەکات
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاشکرای کرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نیوەی دووەمی مانگی ئەیلوولدا سەردانی هەریەک لە فەرەنسا و ئەڵمانیا دەکات، هاوکات گۆڕانکاریی ریشەیی لە شێوازی داڕشتنی بودجەی گشتیی ساڵی 2027دا راگەیاند.
دووشەممە 31ی ئابی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە میانی کۆنگرەیەکی رایگەیاند، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی هەردوو وڵات، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نیوەی دووەمی مانگی ئەیلوولی داهاتوودا سەردانی پاریس و بەرلین دەکات.
حەیدەر عەبوودی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم سەردانە لە چوارچێوەی سیاسەتی هاوسەنگی عێراق و فرەچەشنکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیدایە، بە مەبەستی دروستکردنی هاوبەشییەکی بەرهەمهێنەر لەگەڵ دەوڵەتانی ئەوروپا و خزمەتکردن بە بەرژەوەندی و سەروەریی خاکی عێراق.
سەبارەت بە دۆسیەی دارایی، گوتەبێژی حکوومەت روونیکردەوە کە بودجەی ساڵی 2027 درێژکراوەی یاسای پێشوو نابێت و بە تەواوی جیاواز دادەڕێژرێت، بە جۆرێک کە دەبێتە گواستنەوەیەکی مێژوویی بەرەو سیستەمی بودجەی بەرنامە و ئەنجامەکان، و خەرجکردنی پارە بە تەواوی دەبەسترێتەوە بە ئاستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لەسەر ئەرزی واقیع؛ ئەمەش خاڵێکی وەرچەرخان دەبێت لە سیاسەتی دارایی عێراقدا بۆ کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی نەختینە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، حەیدەر عەبوودی سەرنجی خستە سەر هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و جەختی کردەوە رێکارەکانی حکوومەت تەنیا لە بەدواداچوونی گەندەڵکاراندا کورت نابێتەوە، بەڵکو کار دەکرێت بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی، پڕکردنەوەی کەلەبەرە یاسایی و کارگێڕییەکان، و گەڕاندنەوەی سامانی بەتاڵانبراوی دەوڵەت پێش و پاش ئەنجامدانی هەر پێشێلکارییەک.
هەر ئەمڕۆ حەیدەر عەبوودی، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، بڕیارە لە مانگی ئەیلوولدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەشنووسی یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکات.
سەبارەت بە هەناردەی نەوتیش گوتی: تا ئەو ئێستا 26 هەزار سکاڵا دژی گەندەڵی لە دامودەزگاکانی دەوڵەت تۆمارکراون، لەبارەی وزەش رایگەیاند "لە مانگی ئابدا دوو ملیۆن و 359 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە کراوە و مووچەی مانگی ئاب بە تەواوی دابینکراوە".
عەبوودی سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنی و کۆتاییهێنان بە دیاردەی گرووپە چەکدارییەکان گوتی: 30ـی ئەیلوولی 2026 وەک کۆتا وادە بۆ داخستنی کەیسی گرووپە چەکدارەکان دیاریکراوە.
هەروەها گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع)ی راگەیاند، دۆسیەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی چەندین پێوەری سەرەکیی بەدەستهێناوە لە دوای ساڵی 2003ەوە تا ئێستا هاوشێوەی نەبووە.
لەبارەی سەروەریی وڵاتیشەوە روونی کردەوە، حکوومەت چاوەڕوانی 30ـی ئەیلوولی داهاتوو دەکات، چونکە دەبێتە پێوەرێکی گرنگی سەروەری بۆ دەوڵەت و گەلی عێراق و لەو وادەیەدا کۆتاییی بە بوونی نێردەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەر خاکی عێراق دێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد، دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە لە پێشینەی کارەکانی حکوومەتە لە نێو کارنامەی وەزاریدا. ئەو رێکارانەی حکوومەت لەم دۆسیەیەدا جێبەجێیان دەکات، گەڕانەوەیەکی ئاساییە بۆ رێکارەکانی دەوڵەت و بنەما دەستوورییەکان، چونکە دەستوور دروستکردنی هەر گرووپێکی چەکداری لە دەرەوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان قەدەغە کردووە.