نوێنەری پاکستان بۆ ماوەی سێ ساڵ دەبێتە سکرتێری گشتیی هاوپەیمانییە بەرگریی مەککە

وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و سەرۆک ئەرکانی سوپای هەرسێک وڵاتی سعوودیە، تورکیا و پاکستان لە ئیستانبوڵ رێککەوتن لەسەر دامەزراندنی سکرتارییەتی گشتیی رێککەوتننامەی بەرگریی مەککە لە سعوودیە، هاوکات بڕیاریاندا نوێنەری پاکستان بۆ ماوەی سێ ساڵ پۆستی سکرتێری گشتیی هاوپەیمانییەکە لە ئەستۆ بگرێت.

دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی سعوودیەوە بڵاوکرایەوە، ئاشکرا کرا کە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک ئەرکانی سوپای سعوودیە، کۆماری تورکیا و کۆماری ئیسلامیی پاکستان لە شاری ئیستەنبووڵ یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی ستراتیژیی سیاسی و بەرگریی رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەشیان ئەنجام دا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا هەرسێ دەوڵەت جەختیان لەسەر هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنی گرژییەکان، دانبەخۆداگرتن و هاندانی چارەسەری ئاشتییانە بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە کردەوە.

بەپێی بڕیاری لیژنە هاوبەشەکە، بۆ بەدامەزراوەییکردنی هاوکارییەکانی نێوانیان، سکرتارییەتی گشتیی رێککەوتننامەی مەککە لە سعوودیە دادەمەزرێت بە مەبەستی بەدواداچوونی بڕیارەکان؛ هەروەها رێککەوتن کرا کە لە قۆناخی یەکەمدا سەرۆکایەتیی سکرتارییەتەکە لەلایەن سکرتێرێکی گشتیی پاکستانەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەڕێوەببردرێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هەرسێ وڵات لە رێگەی ئەنجامدانی چالاکی و مانۆڕی هاوبەشەوە کار بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرگری و یەکپارچەیی هێزە چەکدارەکانیان دەکەن بۆ ئەوەی سیستەمێکی بەرگری و بەرپەرچدانەوەی بەکۆمەڵی باوەڕپێکراو مسۆگەر بکەن؛ هاوکات هاوکارییە نزیکەکانیان لە کەرتی پیشەسازیی سەربازی، پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیا و بەرهەمهێنانی هاوبەشی چەک و کەرەستەی سەربازی چڕتر دەکەنەوە لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام لە ناوچەکەدا.

ئەم هاوپەیمانییە نوێیە کە تورکیا، دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ ، پاکستان دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی و سعوودیە گەورەترین هەناردەکاری نەوتی جیهان لەخۆدەگرێت، لە کاتێکدا دێت کە شەش مانگ بەسەر جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران تێپەڕیوە و دانوستانەکان گەیشتوونەتە بنبەست؛ تورکیا ئاشکراشی کردووە کە لە داهاتوودا دەرفەت هەیە میسریش پەیوەندی بەم هاوپەیمانییە بەرگرییەوە بکات بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، بەبێ ئەوەی ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانییە تەقلیدییەکان بێت لەگەڵ واشنتندا.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، رێککەوتننامەکە هاوشێوەی ماددەی پێنجەمی پەیمانی ناتۆ بڕگەی بەرگریی بەکۆمەڵ لەخۆدەگرێت؛ بە جۆرێک کە هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر تەواوی ئەندامانی رێککەوتنەکە هەژمار دەکرێت، و ئامانج لێی بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوەی هاوبەشە لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەکی سەربازیدا.

لە 7ـی ئابی 2026، سعوودیە، تورکیا و پاکستان لە شاری جەددە رێککەوتننامەیەکیان بۆ بەرگریی هاوبەش ئیمزا کرد.