عێراق و ئێران رێککەوتننامەیەکیان لە بواری تەکنۆلۆژیا و ئاسایشی سایبەری ئیمزا کرد

وەزیرانی گەیاندنی عێراق و ئێران لە تاران لەسەر هەناردەکردنی تەکنۆلۆژیای پەیوەندییەکان، بەهێزکردنی ئاسایشی سایبەری و راهێنانی کادێرانی عێراقی گەیشتنە رێککەوتن، هاوکات وەزیری گەیاندنی عێراق تەکنۆلۆژیای ئێرانی بە ناوخۆی و پارێزراو وەسف کرد.

دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە، لە دوای کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لە تاران، ستار هاشمی، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنۆلۆژیای زانیاریی ئێران و مستەفا جەبار سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا رێککەوتنەکانی نێوانیان خستەڕوو.

وەزیری ئێرانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم سەردانە لە چوارچێوەی پەیڕەوکردنی دیپلۆماسیی تەکنۆلۆژیا دایە بۆ پەرەپێدانی ئابووریی دیجیتاڵی لە نێوان هەردوو وڵات و دەوڵەتانی ئیسلامیدا.

وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران جەختی لەوە کردەوە، ئاسایشی سایبەری پرسێکی فرەلایەنە و تاران بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی هێرشە سایبەرییە بەردەوامەکانەوە ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لەم بوارەدا هەیە و لەگەڵ بەغدا هاوبەشی پێدەکات. هاشمی ئاشکراشی کرد، کۆمپانیای ژێرخانی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ لایەنی عێراقی رێککەوتووە لەسەر هەناردەکردنی تەکنۆلۆژیای پەیوەندییەکان بۆ عێراق، هاوکات پسپۆڕانی عێراقی لە رێگەی پەیمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاریی ئێرانەوە لە بواری گەیاندندا رادەهێنرێن.

لای خۆیەوە، مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بەغدا بە تەواوی ئامادەیە لە بوارەکانی پۆست و ئاسایشی سایبەریدا هاوکاری لەگەڵ تاران بکات و گوتی: ئێران لە کەرتی ژێرخان و بەرهەمهێنانی نەرمەکاڵا و رەقەکاڵادا پێشکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە؛ ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دیکەش هاوکاری دەکەین، بەڵام تەکنۆلۆژیای ئێران سیستەمێکی ناوخۆیی و تەواو پارێزراوە، هەربۆیە پەرە بە هاوبەشیمان لەگەڵ کۆمپانیا تەکنۆلۆژییەکانی ئێران دەدەین.