روانگەی سووری: پێکدادانی توند لە سوەیدا روویدا و پێشێلکردنی ئاگربەست بەردەوامە
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە پارێزگای سوەیدا شەڕ و پێکدادانی توند بە چەکی قورس لە نێوان چەکدارانی "پاسەوانی نیشتمانی" و هێزەکانی حکوومەت و گرووپە پاڵپشتەکانیاندا روویداوە و پێشێلکارییەکانی ئاگربەستیش بەردەوامن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە کوردستان24ـی راگەیاند: پێکدادانەکان لە میحوەرەکانی ناوچەی "نەقل" و گوندی "مەنسوورە" لە باکووری رۆژئاوای سوەیدا روویان داوە و تێیاندا چەکی قورس و هاوەن بەکارهاتوون.
روانگەی سووری ئاماژەی بەوەش دا، شەڕەکە دوای ئەوە سەریهەڵدا کاتێک هێزە حکوومییەکان و هێزە پاڵپشتەکانیان بە چەکی قورس دەوروبەری خاڵێکی سەربازیی سەر بە "پاسەوانی نیشتمانی"یان لە میحوەری ناوچەی نەقل کردە ئامانج. جەختیشی کردەوە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوامن و هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی گیانیی شەڕەکەی ئەمڕۆ تۆمار نەکراوە.
هەروەها باس لەوەش کراوە، دوێنێ یەکشەممە، بەهۆی تۆپبارانی ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتدان بۆ سەر گەڕەکە رۆژئاواییەکانی شاری سوەیدا، دوو هاووڵاتیی مەدەنی (پیاوێک و ژنێک) کوژران و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەم پەرەسەندنە نوێیانە لە کاتێکدان پێشێلکارییەکانی ئاگربەست لە پارێزگای سوەیدا درێژەیان هەیە و بۆردومانی یەکبەدوایەکی نێوانیان نیگەرانییەکانی لەبارەی سەلامەتی هاووڵاتییانی مەدەنی، بەتایبەت لە ناوچە نیشتەجێبوونەکان زیاتر کردووە.
پارێزگای سوەیدا لەو کاتەوەی رێککەوتنەکانی ئارامکردنەوە کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە چەند میحوەرێکدا بەتایبەت لە دەوروبەری سوەیدا و لایەکانی باکوور و رۆژئاوای شارەکە، شاهیدی پێشێلکاری دووبارەبووەتەوە و گرژییەکانی نێوان هێزە حکوومییەکان و گرووپە چەکدارە خۆجێییەکان بەردەوامییان هەیە.