ئەکسیۆس: ئەمریکا بیر لە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی سنووردار لە گەرووی هورمز دەکاتەوە

سەرۆکی ئەمریکا و راوێژکارە باڵاکانی تاوتوێی پەسەندکردنی پلانێکی سەربازی دەکەن بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی سنووردار لە گەرووی هورمز، بە مەبەستی رێگریکردن لە ئێران بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی سیستەمی رادار و توانستە مووشەکییەکانی لە کەناراوەکانی کەنداودا.

دووشەممە 31ی ئابی 2026، پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری سێ بەرپرسی باڵای وڵاتەکەیەوە ئاشکرای کرد، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پلانێکی سەربازیی ئامادە کردووە و لەلایەن پیت هێگسێت، وەزیری جەنگەوە پشتیوانیی لێکراوە و رەوانەی کۆشکی سپی کراوە، کە ئامانج لێی ئەنجامدانی هێرشی بەردەوامە دژ بە پێگەکانی ئێران.

بەرپرسێکی ئەمریکی ئەم ستراتیژەی بە "دروێنەکردنی بەردەوامی گژوگیا" لەقەڵەم داوە، بە جۆرێک کە رێگە نەدرێت ئێران توانای مووشەکی و راداریی خۆی لە گەرووەکەدا بەهێز بکاتەوە بۆ لێدانی کەشتییە بازرگانییەکان و فڕۆکەکانی ئەمریکا.

بەپێی راپۆرتەکە، نیگەرانییەکانی واشنتن دوای ئەوە زیادیکرد کە تاران هەوڵەکانی بۆ جێگیرکردنەوەی رادار و مووشەکی دژەکەشتی چڕکردەوە، لەوانەش هەوڵی ئەم دواییەی ئێران بۆ هاویشتنی مووشەکێکی دژەئاسمانی بەرامبەر فڕۆکەیەکی جەنگیی (F-35)ی ئەمریکی لە کاتی پاسەوانیکردنی تانکەرە نەوتییەکاندا.

ئەکسیۆس روونیکردووەتەوە، کۆشکی سپی پێشتر بە مەبەستی رێگریکردن لە پەرەسەندنی جەنگ دوودڵ بوو لە پەسەندکردنی هێرشەکان، بەڵام پێکدادانە سەربازییەکانی ئەم چەند رۆژەی دوایی، لەوانە لێدانی سەکۆ مووشەکییەکانی ئێران لە دوورگەی لارک و هێرشە مووشەکییەکەی تاران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن، وایکردووە دۆناڵد ترەمپ لە پەسەندکردنی ئەم پلانە سەربازییە نزیک ببێتەوە و بە فەرمی مۆڵەتی دەستپێکردنی لێدانی پێگە سەربازییەکانی ئێران بدات تا ئاسایشی هەناردەی نەوت لە کەنداو دەستەبەر بکرێت.

دوێنێ یەکشەممە، هێزەکانی ئەمریکا لە هێرشێکی ئاسمانیدا دوو سەکۆی مووشەکیی سوپای پاسدارانیان لە دوورگەی لارک لە کەنداو بۆردوومان کرد، ئەمەش دوای ئەوەی چاودێری کرابوون کە ئامادەکارییان دەکرد بۆ هاویشتنی مووشەکی هەڵگری مینی دەریایی بۆ ناو گەرووی هورمز بە مەبەستی پەکخستنی کەشتیوانی.

لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران لە وەڵامی ئەو بۆردوومانەی سەر دوورگەی لارک، ئۆپەراسیۆنێکی تێکەڵاوی مووشەکی و درۆنیی دژ بە پێگەکانی ئەمریکا ئەنجامدا و هۆشداریی دا کە ئەم هێرشانە ناتوانن دەستبەرداربوون لە کۆنترۆڵی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا بسەپێنن.