تۆڕی هاوپەیمانیی 19 داوای ئازادکردنی دەستبەجێی دەستگیرکراوانی خانەقین دەکات

تۆڕی هاوپەیمانیی 19 داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەستگیرکراوان و راگرتنی رێکارە یاساییەکانی دژ بە چالاکوانانی شاری خانەقین کرد، دوای ئەوەی خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی دژ بە پرۆسەی بەعەرەبکردن هەڵپەسێردرا و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 13 هاووڵاتی دەرچوو.

دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، تۆڕی هاوپەیمانیی 19 بۆ داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان کە لەلایەن سەنتەری میترۆوە سەرپەرشتی دەکرێت، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو خۆپیشاندانە هێمنانەی بڕیار بوو ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری خانەقین دژ بە سیاسەتی بەعەرەبکردن لە ناوچە دابڕێنراوەکان بەڕێوەبچێت، لەلایەن رێکخەرانییەوە بۆ کاتێکی دیکە هەڵپەسێردراوە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی هاوپەیمانیی 19، لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 13 چالاکوان و هاووڵاتیی خانەقین دەرچووە و ژمارەیەک هاووڵاتیش دەستگیرکراون، لە نێویاندا کەسێک کە تەنیا بەهۆی گۆڕینی نووسراوی تابلۆی سەر دوکانەکەی لە زمانی عەرەبییەوە بۆ زمانی کوردی دەستبەسەر کراوە.

پێشێلکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق لە سنووری خانەقین وایکردووە کە رێکخەرانی ناڕەزایەتییەکان داوا لە چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نوێنەرانی کورد لە بەغدا بکەن کە بە زووترین کات بەدەم داواکارییە ڕەواکانی دانیشتووانی ناوچەکەوە بێن و رێگری لە گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە بگرن.

لە کۆتایی ڕرگەیەندراوەکەیدا، تۆڕی هاوپەیمانیی 19 داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد دەستبەجێ سەرجەم دەستگیرکراوانی خانەقین ئازاد بکەن، کۆتایی بە رێکارە ئەمنییەکان بهێنن، و رێز لە مافی ئازادیی رادەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتییانەی هاووڵاتییان بگرن کە لە دەستووری عێراق و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکاندا بە فەرمی مسۆگەر کراوە.