ئێران بۆ وڵاتانی ناوچەکە: هاوکاریی ئەمریکا بکەن دەکرێنە ئامانج
سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە راگەیەندراوێکدا هۆشداریی دایە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە خاک یان ئاسمانی خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران نەدەنە دەست ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەگەرنا دەبنە ئامانجی هێرشەکانی تاران.
ئەم راگەیەندراوە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڵاوکرایەوە، کە تێیدا رایگەیاندبوو سوپای وڵاتەکەی وەک تۆڵەی هێرشەکانی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن، بە توندی هێرش دەکاتە سەر ئێران.
ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە: "وێڕای رێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانیی دراوسێکانمان، بەڵام لە ئەگەری بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمریکا، هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی وەڵامێکی زۆر قورستر لە هێرشەکانی شەوی رابردوو دەدەنەوە."
گرژییە سەربازییەکان کاتێک گەیشتنە لووتکە کە سوپای ئەمریکا شەوی یەکشەممە هێرشی کردووەتە سەر "هێزە مینڕێژکەرەکانی سوپای پاسداران" لە دوورگەی لارک.
لە بەرانبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک هێرشی کردە سەر دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ناو خاکی ئوردن. ئێستا تاران هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە کە خۆیان لەم ململانێیە بەدوور بگرن و نەبنە بەشێک لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکی ئێران.