چوارچێوەی هەماهەنگی: گفتوگۆکانی تەواوکردنی کابینەی حکوومەت لەم هەفتەیەدا یەکلایی دەکرێنەوە

چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد کە گفتوگۆکانی تایبەت بە تەواوکردنی کابینەی حکوومەت لەم هەفتەیەدا کۆتاییان دێت و هەفتەی داهاتوو ناوەکان رەوانەی پەرلەمان دەکرێن بۆ دەنگدان لەسەریان، هاوکات تاوتوێی لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگی ناوچەکە و پەلەکردن لە پەسەندکردنی یاسای بودجە و یاسای حەشدی شەعبی کرد.

دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەیەک لە نووسینگەی هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجام داوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پرۆسەی گفتوگۆکان بۆ یەکلاییکردنەوەی پێکهاتەی تەواوکاریی کابینەی حکوومەت لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا تەواو دەکرێت، تاوەکو هەفتەی داهاتوو بە فەرمی بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ متمانەپێدانیان.

بەپێی راگەیەندراوەکە، چوارچێوەی هەماهەنگی بە وردی پێداچوونەوەی بە دۆخی دارایی و ئابووریی عێراقدا کرد لە ژێر رۆشنایی لێکەوتەکانی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەککەوتنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز؛ هاوکات لە رووی یاسادانانیشەوە، جەخت لەسەر گرنگیی پەلەکردن لە پەسەندکردنی ئەو پڕۆژەیاسا لەپێشینانە کرایەوە کە لە پەرلەماندا ماونەتەوە، بەتایبەت پرۆژەیاسای بودجەی گشتی و یاسای حەشدی شەعبی.

هەر ئەمڕۆ موشرق فرێجی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئاشکرای کردبوو تاوەکو ئێستا رێککەوتنی کۆتایی لەسەر ناوی کاندیدەکان و دیاریکردنی جێگرانی سەرۆکوەزیران نەکراوە و دانوستانەکان بەردەوامن، بە تایبەت دوای ئەوەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەهۆی قەیرانی داراییەوە دانانی پۆستی جێگری بۆ سەرۆکوەزیران رەتکردووەتەوە.