لە پێکدادانەکانی سوەیدا چوار کارمەندی ئەمنی بریندار بوون و دوو مەدەنی کوژران

لە ئەنجامی پێکدادانی چەکداری لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی نوێی سووریا و گرووپە چەکدارە خۆجێییەکانی درووز لە پارێزگای سوەیدا لە باشووری ئەو وڵاتە، چوار کارمەندی ئەمنی بریندار بوون و دوو هاووڵاتیی مەدەنیش گیانیان لەدەستدا.

دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، تەلەڤزیۆنی فەرمیی سووریاوە بڵاویکردەوە، چوار ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە دەوڵەت بریندار بوون لە میانی بەرپەرچدانەوەی هێرشی چەکدارانی ناوچەکە بۆ سەر چەند بنکەیەکی ئەمنی لە دەوروبەری گوندەکانی مەنسورە، وەلغە و تەل حەدید لە گوندەواری رۆژئاوای پارێزگای سوەیدا.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە رۆژی یەکشەممە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی گوللەهاوەنێک لە رۆژئاوای شاری سوەیدا، دوو هاووڵاتیی مەدەنی شۆفێری تراکتۆرێک و ژنێکی یاوەری گیانیان لەدەستدابوو.

گرووپی چەکداریی ناسراو بە پاسەوانی نیشتمانی کە سەر بە شێخ حیکمەت هیجری، رێبەری ئاینیی درووزەکانە، لە راگەیەندراوێکدا هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی تۆمەتبار کرد بەوەی بە چەکی قورس و هاوەن ناوچەکانی نیشتەجێبوونیانیان تۆپباران کردووە و بەو هۆیەوە منداڵێک بریندار بووە، و هێزەکانیان بە ناچاری وەڵامی سەرچاوەی تەقەکانیان داوەتەوە؛ هاوکات روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە ئاڵوگۆڕی تەقە لە نێوان هەردوولادا لە شەوی شەممەوە بەردەوامە.

شاری سووەیدا و ناوچەکانی دەوروبەری کە پێکهاتەی درووز زۆرینەی پێکدەهێنن، بە دوایین ناوچەی دەرەوەی دەسەڵاتی تەواوەتیی حکوومەتی نوێی سووریا دادەنرێت لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2024دا، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی دیمەشق هەوڵ دەدەن سەروەریی دەوڵەت و کۆنترۆڵی ئەمنی بەسەر تەواوی ناوچەکانی وڵاتدا بسەپێنن و چەکی سەرجەم پێکهاتەکان بخەنە ژێر چەتری هێزە فەرمییەکانەوە.