بەقایی: یەکێتیی ئەوروپا سەروەریی خۆی لە بەرامبەر ئەمریکا لە دەستداوە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی رەخنەی لە یەکێتیی ئەوروپا گرت بەهۆی پشتیوانیکردنی لە سزاکانی ئەمریکا دژ بە تاران، و برۆکسلی بە تەسلیمکردنی سەروەریی خۆی بۆ واشنتن و بەشداریکردن لە جەنگی نایاسایی ئابووریی ئەمریکا تۆمەتبار کرد.
سێشەممە 1ـی ئەیلوولی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، نووسیویەتی: یەکێتیی ئەوروپا سەروەری، یاسا و بەها ئەخلاقییەکانی خۆی لە بەرامبەر زۆرەملێی ئەمریکادا بەدەستەوە داوە.
بەقایی روونیکردەوە، بەپێی یاساکانی خودی یەکێتییەکە، سەپاندنی سزای تاکلایەنەی دەرەکی پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هەربۆیە پشتیوانیکردنی برۆکسل لە جەنگی نایاسایی ئابووریی ئەمریکا پێشێلکارییەکی روونی یاسای نێودەوڵەتییە و دەبێت وڵاتانی ئەندام بەرپرسیارییەتی لێکەوتەکانی لە ئەستۆ بگرن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەراوردی هەڵوێستی ئێستای ئەوروپای لەگەڵ ساڵی 1996 کرد کاتێک یەکێتیی ئەوروپا بە پەسەندکردنی یاسای بەرگری بە شێوەیەکی سەربەخۆ دژ بە سزاکانی واشنتن وەستایەوە و گوتی: ئەمڕۆ یەکێتیی ئەوروپا لەبری بەرگریکردن لە سەروەریی خۆی، بووەتە هاوبەش و ئامرازی جێبەجێکردنی رەفتارە نایاساییەکانی واشنتن دژ بە تاران.
بەقایی جەختی لەوە کردەوە کە ئەوروپا ناتوانێت لە لایەکەوە بانگەشەی کەمکردنەوەی گرژییەکان و هێنانەکایەی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات، و لە لایەکی دیکەشەوە دەست لەناو دەستی واشنتن بنێت بۆ پەسەندکردنی جەنگی نایاسایی ئابووریی دژ بە ئێران، ئەم هەڵوێستە دژبەیەکەشی بە بەڵگەی "داڕمانی ئەخلاقی و بێتوانایی سیاسی"ی یەکێتیی ئەوروپا وەسف کرد.