گوتەبێژی رێکخراوی داعش لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لە یەمەن کوژرا
دەزگای ئاسایشی دەوڵەتی یەمەن، ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، رایگەیاند؛ ئەبو حوزەیفە ئەنساری، یەکێک لە سەرکردە دیارەکان و گوتەبێژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەشدا کوژراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئاسایشی یەمەن، ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن هێزە تایبەتەکانی هاوپەیمانان و بە پاڵپشتی و بەشداریی هێزی دژە تیرۆری یەمەن ئەنجامدراوە. ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکە دەستگیرکردنی ئەنساری بووە، بەڵام لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەدا ناوبراو کوژراوە.
دەزگای ئاسایش ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزە بەشداربووەکانی ئۆپەراسیۆنەکە دوای تەواوبوونی ئەرکەکەیان بە سەلامەتی ناوچەکەیان جێهێشتووە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی یان برینداربوون لە ریزەکانیاندا هەبێت، هەروەها جەختی کردەوە کە هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنیش لەو پڕۆسەیەدا زیانی بەرنەکەوتووە.
ئەبو حوزەیفە ئەنساری، یەکێک بوو لە سەرکردە هەرە کاریگەرەکانی داعش و لە مانگی ئابی 2023دا لەلایەن رێکخراوەکەوە وەک گوتەبێژی فەرمی دەستنیشانکرا. ناوبراو لە رێگەی بڵاوکردنەوەی تۆمارە دەنگییەکانەوە چالاک بوو؛ لە کانوونی دووەمی 2024دا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دوایین دەرکەوتنیشی لە شوباتی 2026دا بوو، کە تێیدا هێرشی توندی کردە سەر حکومەتی سوریا و داوای لە چەکدارانی داعش کرد بەردەوام بن لە کردەوەکانیان.