بەریتانیا بە سزای ئابووری هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات
راپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، بەریتانیا خەریکی ئامادەکارییە بۆ فراوانکردنی رێوشوێنەکانی دژی چالاکییە نیشتەجێکردنەکانی ئیسرائیل. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی گۆڕانی شێوازی مامەڵەی لەندەن لەگەڵ حکوومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، بە شێوەیەک لە ئیدانەکردنی دیپلۆماسییەوە دەگۆڕێت بۆ سەپاندنی سزای ئابووری بێپێشینە.
لە ناوەڕۆکی ئەو سزایانەی بڕیارە بسەپێنرێن، قەدەخەکردنی بازرگانی لەگەڵ نیشتەجێگاکانی کەناری رۆژئاوا لە ئارادایە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات ئیسرائیل تەندەرێکی بۆ دروستکردنی نزیکەی 1200 یەکەی نیشتەجێبوون لە ناوچەی (E1) راگەیاند؛ بەریتانیا ئەم هەنگاوە بە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئەگەری پێکهێنانی دەوڵەتێکی فەڵەستینی یەکگرتوو لە رووی جوگرافییەوە دەبینێت.
لەم بارەیەوە، ئێد میلیباند، وەزیری بەریتانی رایگەیاندووە؛ حکوومەتەکەی لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا پاکێجێک لە رێوشوێنەکان وەک وەڵامێک بۆ سیاسەتەکانی ئیسرائیل ئاشکرا دەکات. جەختی کردەوە، پڕۆژەی (E1) قبوڵنەکراو و وێرانکەرە و لەندەن بێدەنگ نابێت بەرامبەر ئەوەی کە بە تێکدانی چارەسەری دوو دەوڵەت ناوی دەبات.
ئەم گۆڕانکارییەی لەندەن تەنیا سزای کەسیی سەر نیشتەجێبووەکان ناگرێتەوە، بەڵکو بەگوێرەی راپۆرتەکان، حکوومەت تاوتوێی قەدەخەکردنی هاوردەکردنی هەموو ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانە دەکات کە لە ناو نیشتەجێگاکاندا بەرهەم دەهێنرێن. ئەمەش وەرچەرخانێکی جۆرییە و سنووردارکردنی بازرگانی راستەوخۆ دەسەپێنێت.
لە ناوخۆی بەریتانیادا فشارەکان بۆ فراوانکردنی سزاکان زیادیان کردووە. لە کاتێکدا رێکخراوە لایەنگرەکانی فەڵەستین داوای بایکۆتی ئابووری توندتر دەکەن، لایەنگرانی ئیسرائیل هۆشداری دەدەن، جیاکردنەوەی ئابووری نیشتەجێگاکان لە ئابووریی گشتیی ئیسرائیل کارێکی قورسە و رەنگە ئەمە رێگە بۆ بایکۆتێکی گشتگیرتر بکاتەوە.
ناوچەی ستراتیژی (E1) دەکەوێتە نێوان قودس و نیشتەجێگای مەعالی ئەدومیم، بە دڵی کەناری رۆژئاوا دادەنرێت. بەریتانیا و وڵاتانی رۆژئاوا پێیان وایە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە پەیوەندی جوگرافی نێوان باکوور و باشووری کەناری رۆژئاوا دەپچڕێنێت، هەر بۆیە لەندەن ئەم پەرەسەندنەی وەک هۆکارێک بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی ئابووری توند بەکارهێناوە.
لە بەرامبەردا، حکوومەتی ناتانیاهۆ سەرەڕای رەخنە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە لە پڕۆژەکە. بێزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل، پێشوازی لە پڕۆژەکە کردووە و بە لێدانێک لە بیرۆکەی دەوڵەتی فەڵەستینی ناوبردووە، هاوکات جەدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوە، رەخنەکانی بەریتانیای رەتکردووەتەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە پڕۆژەی (E1) بووەتە یەکێک لە گەورەترین خاڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی نێوان لەندەن و تەلئەڤیڤ.