عێراق بە بەهای 800 ملیۆن دۆلار دوو جۆر هێلیکۆپتەر لە ئەمریکا دەکڕێت

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەزامەندی نیشاندا لەسەر گرێبەستێکی گەورەی سەربازی بۆ فرۆشتنی هێلیکۆپتەری جەنگی و کەلوپەلی سەربازی بە حکوومەتی عێراق، کە بەهای گشتییەکەی دەگاتە 800 ملیۆن دۆلار.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی فەرمی، گرێبەستەکە کڕینی چەندین جۆر هێلیکۆپتەری پێشکەوتوو لە جۆری (Bell 412EPX) و (Bell 407M) لەخۆدەگرێت. جگە لە فڕۆکەکان، عێراق کۆمەڵێک چەک و سیستەمی تەکنەلۆژیی دیکەش وەردەگرێت، لەوانە؛ رەشاشی جۆری (GAU-19) سێ لوولەیی، مووشەکی (M260) حەوت لوولەیی، سیستەمی هەستیاری (L-3 Wescam) بۆ چاودێری و دیاریکردنی ئامانجەکان، سیستەمی پێشکەوتووی (AN/AAR-60) بۆ ئاگادارکردنەوە لە مووشەکی ئاڕاستەکراو و ئامێری پەیوەندیکردنی بێتەلی زۆر پێشکەوتوو و دابینکردنی پارچەی یەدەگ.

راپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن بەغدا پلانی هەیە بە تەواوی دەستبەرداری هێلیکۆپتەرە ڕووسییەکانی جۆری (Mi-17) ببێت. هۆکاری ئەم گۆڕانکارییەش بۆ ئەو کورتهێنانە گەورەیە دەگەڕێتەوە کە لە دابینکردنی پارچەی یەدەگی فڕۆکە رووسییەکاندا دروست بووە، ئەوەش بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا و سزاکانی سەر مۆسکۆ.

کۆمپانیای "بێڵ - تێکسترۆن" (Bell Textron) کە بنکەکەی لە شاری فۆرت وۆرس لە ویلایەتی تەکساسە، لایەنی سەرەکی و جێبەجێکاری ئەم گرێبەستە دەبێت. گرێبەستەکە تەنیا فرۆشتنی کەرەستە نییە، بەڵکو مەشق و راهێنانی فڕۆکەوانان، تیمەکانی چاککردنەوە، و پشتگیری لۆجستی لەلایەن حکومەتی ئەمریکا و کۆمپانیاکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەخۆدەگرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەم فرۆشتنە پشتگیری لە سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات، لە رێگەی بەهێزکردنی تواناکانی عێراق وەک هاوبەشێکی ستراتیژی. هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئەم کەرەستە نوێیانە توانای عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێستا و داهاتوو بەرزدەکەنەوە، بەتایبەت لە بوارەکانی گواستنەوەی سەربازی، هەواڵگری و دیاریکردنی ئامانجە ئاسمانی و زەمینییەکان.