هەرێمی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی؛ جەخت لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دەکەنەوە

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی عەرەبی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا. کۆبوونەوەکە بە بەشداریی کونسوڵەکانی وڵاتانی (میسر، ئوردن، فەڵەستین، ئیمارات، کوەیت، سعوودیە و قەتەر) بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەفین دزەیی سوپاس و پێزانینی حکوومەتی هەرێمی ئاراستەی ئەو وڵاتانە کرد بۆ هەڵوێستە بەرپرسانەکانیان لە ئیدانەکردنی ئەو هێرشانەی کرانە سەر دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان.

سەفین دزەیی رایگەیاند: "ئەو هێرشانەی ئەم دواییە تەنیا بۆ تێکدانی ئاسایش نەبوون، بەڵکو ئامانجی سیاسییان لەپشت بووە، چونکە بارەگاکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتیان کردبووە ئامانج."

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە ئیدانەی هەر هێرش و دەستدرێژییەک دەکات کە بکرێتە سەر وڵاتانی کەنداو و ناوچە عەرەبییەکان، جەختیشی لە گرنگیی پاراستنی سەروەری و خاکی ئەو وڵاتانە وەک بەشێک لە ئاسایشی ناوچەکە کردەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان پشتیوانی هەر هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەرقەراربوونی ئاشتی.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەفین دزەیی هیوای خواست بەزووترین کات تەواوی ستافی کونسوڵخانەکان بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "بوونی ئێوە لێرە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و رۆشنبیرییەکانمان کە مێژوویەکی قووڵ لەنێوانماندا هەیە."

لای خۆیانەوە، نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی عەرەبی جارێکی دیکە پشتگیری خۆیان بۆ ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە. ئاماژەیان کرد، بە بایەخێکی زۆرەوە دەڕواننە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێم و عێراق، هەروەها جەختیان کردەوە، پێویستە گفتوگۆ ببێتە بنەما بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە و ململانێیەکان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، دیپلۆماتکارە عەرەبەکان سوپاسی دەسپێشخەرییەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەیان کرد بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتی گفتوگۆیە و ئاسانکارییە بەردەوامەکانیان بۆ نێردە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان.