بەرپرسێکی گەورەی سەربازیی ئەمریکا دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی ترەمپ کرد
سێ سەرچاوەی ئاگادار رایانگەیاند، دان دریسکۆڵ، فەرماندەی هێزی وشکانی ئەمریکا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە. بڕیارەکەی دریسکۆڵ لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان خۆی و پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا توندتر بوون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە 'سی ئێن ئێن' رایگەیاند، دەستلەکارکێشانەوەی دریسکۆڵ پێشبینیکراو بووە، چونکە ئەو گرژییانەی لەگەڵ هێگسێت هەبوون لە مانگەکانی رابردوودا پەرەیان سەندبوو، ئانا کیلی، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا جەختیکردەوە، دریسکۆڵ لە بەهێزکردنی ئەجێندای ترەمپ لە وەزارەت کاریگەر بووە.
بە گوتەی کیلی، دریسکۆڵ لە رێگەی سەرکردایەتی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، رۆڵی گرنگ و توانای لەناوبردنی ئامانجەکانی هەبووە، هەروەها لە دانوستانەکانی رووسیا و ئۆکرانیاش رۆڵی گرنگی هەبووە.
دریسکۆڵ لە ئابی 2024 کاتێک پۆستی فەرماندەی هێزی وشکانی وەرگرت، بەهۆی رابردووەکەیەوە مشتومڕی زۆری دروست کرد، دریسکۆڵ رووبەڕووی رەخنەی توند ببووەوە بەهۆی ئەو سکاڵایانەی لەسەر دزینی ناسنامەکەی و شکست لە بەڕێوەبردنی کێڵگەی خێزانەکەی لە ئۆهایۆ تۆمارکرابوون، کە گومانیان لەسەر توانای بەڕێوەبردنی بودجەی 185 ملیار دۆلاریی سوپا دروست کردبوو.
ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلێکی دەستلەکارکێشانەوە و لەکارلادان لە ئیدارەکەی ترەمپ، مانگی رابردوو چوار بەرپرسی باڵای کۆشکی سپی دەستیان لەکارکێشایەوە، لەوانە گەورە بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان و راوێژکاری یاسایی، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوودا چەند بەرپرسێکی باڵای دیکەش دەست لە کار بکێشنەوە.
ئەم پەرەسەندنە نیگەرانیی لە ناوەندە سیاسییەکان دروست کردووە، بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامیی جەنگی دژی ئێران و بەفیڕۆچوونی سەرچاوەکانی ئەمریکا، هەروەها گوشارەکان بۆ سەر ئیدارەکە بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەستکەوت بەر لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس زیادی کردووە.
دەستلەکارکێشانەوەی دان دریسکۆڵ گومانی لەسەر یەکگرتوویی سەرکردایەتیی سەربازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان دروست کردووە، ئەم دۆخە بەتایبەت بەهۆی راپۆرتەکان دەربارەی کەمیی تەقەمەنی و ئامادەییی سەربازیی واشنتن و زیادبوونی ترس لەوەی بەردەوامیی جەنگ لەگەڵ ئێران، توانای ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان لە ناوچەکانی دیکە لاواز بکات، نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە.