وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: کارکردنی ئۆتۆمبێلی تایبەت وەک تەکسی قەدەخە دەکرێت
وەزارەتی گواستنەوەی فیدراڵ رێکاری نوێ بۆ سنووردارکردنی کارکردنی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان وەک تەکسیدا دادەنێت؛ ئەمە لە کاتێکدایە شۆفێرانی تەکسی گلەیی لە لاوازیی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە دەکەن، کە پارێزگاری لە پیشەکەیان دەکەن، بەتایبەت بەرامبەر ئەو ئەپڵیکەیشنە ئەلیکترۆنییانەی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان بۆ گواستنەوەی سەرنشین بەکاریدەهێنن.
كارکردن وەك شۆفێری تەکسی لە بەغدا، مەرج نییە ئۆتۆمبێلەکەت تابلۆی "کرێ"ـی پێوە بێت؛ چونکە تەنانەت ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانیش بەبێ گوێدانە یاساکانی هاتوچۆ لەم بوارەدا کار دەکەن، زۆرینەی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان لە رێگەی ئەپڵیکەیشنە ئەلیکترۆنییەکانەوە دەردەکەون، ئەمەش وەزارەتی گواستنەوەی ناچار کردووە رێکاری نوێ بۆ سنووردارکردنی ئهم دیاردهیه بگرێتەبەر.
ئەحمەد کەریم، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گواستنەوەی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەم کۆمپانیایانە لە رێگەی ئۆتۆمبێلی تایبەتەوە کار دەکەن و ئەمەش پێچەوانەی یاسای هاتوچۆیە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ناھاوپەیوەندییە، چەند مەرجێکمان داناوە بۆ ئەوەی رێگە نەدەین ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان کێبڕکێی تەکسییەکان بکەن، چونکە شۆفێری تەکسی باج و رسومات بە کۆمپانیای گواستنەوە دەدات."
کوردستان24 هەوڵیدا پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی تەکسییەوە بکات بەڵام بێسوود بوو، بۆیە پەیوەندی بە کۆمپانیای "تەکسی نیشتمانی" حکوومی کرد، بۆ قسەکردن لەسەر کێشەی کارکردنی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان لە بواری تاکسیدا.
حوسێن عەبایجی، راگەیاندنی تەکسی نیشتمانی گوتی "ئێمە ئەپڵیکەیشنێکی حکوومین و تەنیا تایبەتین بە ئۆتۆمبێلی کرێ، تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی تایبەت لای ئێمە قەدەخەیە، ئەپەکەمان سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی فیدراڵییە و لەژێر چاودێری و وردبینی ئەمنیدایە."
شۆفێرانی تەکسییش وەك هەمیشە، بەدەست ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانەوە گرفتارن، وەك خۆیان دەڵێن، بوونەتە رکابەری بژێوی و پارووی نانیان.
عەلی ئەحمەد، شۆفێری تەکسی دەڵێت "ئۆتۆمبێلی تایبەت وێرانی کردین و شەڕی نانمان لهگهڵدا دهكهن، بهتایبهت ئهپڵیكهیشنهكان کێشەیەکی گەورەن، زۆربەیان فەرمانبەرن، دوای دەوام وەك تەکسی کار دەکەن و لە رووی دەروونییەوە شەڕمان پێ دەفرۆشن."
عەلا روبەیعی، شۆفێری تەکسی "ئێمە خاوەن پیشەین و دەبێت ئەم پرسە کۆنتڕۆڵ بکرێت؛ تەنیا تەکسی مافی کارکردنی لە شەقامدا هەبێت، ناکرێت فەرمانبەرێك مووچەکەی ملیۆن و نیو بێت و بێتە سەر کاسبی ئێمەش."
خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمبێلیش دەڵێن: ئەگەر مەرجەکانی وەزارەتی گواستنەوە بەتەواوی جێبەجێ بکرێن، بەتایبەت دوورخستنەوەی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان لە کارکردن، ئەوا نرخی ئۆتۆمبێلی تەکسی لە بازاڕەکانی عێراقدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.