پزشکیان: لە ئەگەری پابەندبوونی ئەمریکا دەگەڕێینەوە بۆ ئاگربەست
سەرۆککۆماری ئێران، لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند؛ وڵاتەکەی ئامادەیە پابەندی رێککەوتنی ئاگربەست بێت، بەو مەرجەی ئەمریکاش پابەندبوونی خۆی نیشان بدات.
مەسعود پزشکیان سەرۆککۆماری ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، لە میانی بەشداریکردنی لە لووتکەی رێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای لە بیشکێک، ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر واشنتن بگەڕێتەوە سەر بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە کاتییەی لە مانگی حوزەیرانی رابردوو واژۆ کرابوو، تاران دەستبەجێ و بە شێوەیەکی هاوشێوە مامەڵە دەکات و دەگەڕێتەوە سەر رێککەوتنەکە.
هەروەها دوێنێ دووشەممە، لە پەراوێزی لووتکەکەدا، پزشکیان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نارێندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان، جەختی کردەوە، ئێران هێشتا بەدوای چارەسەری دیپلۆماسیدا دەگەڕێت. ئاماژەی کرد، بەردەوامی جەنگ لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە و گفتوگۆ و هاوکاری"تاقە رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانە.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، هەڵوێستێکی توندی نیشاندا و هەڕەشەی بەردەوامبوونی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران کرد، و وڵاتەکەشی بە دەوڵەتێکی شکستخواردوو ناوبرد.
پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) هێرشی کردە سەر دوو ئامانج لە دوورگەی لارک، بە مەبەستی رێگریکردن لە سوپای پاسداران بۆ چاندنی مین لە گەرووی هورمز. لە بەرامبەردا، سوپای پاسداران هەڕەشەی کردووە، هەر هێرشێکی نوێی ئەمریکا بە وەڵامێکی زۆر توندتر بەرپەرچ دەدەنەوە.
شایەنی باسە، لە مانگەکانی نیسان و حوزەیرانی رابردوودا، واشنتن و تاران دوو جار گەیشتنە رێککەوتنی ئاگربەست بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی هورمز، بەڵام هەردوو رێککەوتنەکە بە خێرایی هەرەسیان هێنا.
لە 13ـی تەممووزەوە، هێزەکانی ئەمریکا گەمارۆی دەریایییان لەسەر بەندەرەکانی ئێران توندتر کردووەتەوە و سنووردارییان بۆ جووڵەی کەشتییە ئێرانییەکان داناوە. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی بێبەشکردنی تارانە لە داهاتی نەوت کە سەرچاوەی سەرەکی دراوی بیانییە بۆ ئەو وڵاتە. هاوکات لەگەڵ توندکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان، واشنتن شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە زنجیرەیەک هێرشی سنوورداری کردە سەر چەند ئامانجێکی ناوخۆی ئێران.