ئەڵمانیا لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە

هەڵکشانی دەنگەکانی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD)ـی راستڕەو لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، ترسی گەورەی لای رکابەرەکانی دروست کردووە و پسپۆڕانیش هۆشداری دەدەن، گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ئەو پارتەوە وڵاتەکە بەرەو قەیرانی ئابووری و گۆشەگیری دەبات.

پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) پارتێکی راستڕەوی توندڕەوە و لە ماوەی رابردوودا توانیویەتی دەنگێکی زۆر لە هەرێمەکانی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا بەدەستبهێنێت. لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمەکانی تورینگن و ساکسۆنی و براندنبێرگ ئاستێکی بەرزی تۆمارکرد و بووەتە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن.

ئێستا کاتێک ئەڵمانیا خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی ساکسۆنی ئەنهاڵت ئامادە دەکات، راپرسییەکان دەریدەخەن پارتی راستڕەوەکە پێشەنگە و ئەگەری هەیە بۆ یەکەمین جار لە مێژووی دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە پارێزگاری هەرێمەکە پێکبهێنێت.

 فریدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکایەتیی حکوومەت دەکات و لەبەردەم فشارێکی گەورەدایە بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی هەژموونی توندڕەوەکان. 

ئۆلریچ سیگموند، کاندیدی AfD بۆ پۆستی پارێزگار، گوتی، "ئامانجی سەرەکیمان رێکخستنەوەی دۆسیەی کۆچبەرانە، لەوانەش ناردنەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان و نەهێشتنی ئەو هۆکارانەی خەڵک تەنیا بۆ سوودوەرگرتن لە هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان رادەکێشنە وڵاتەکەمان. ئەمە ئەرکێکی سیاسییە و دەبێت کۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت. ئێمە لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی حکوومی و دیموکراسییانەدا، ئەم هەنگاوانە جێبەجێ دەکەین".

ئەگەرچی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا بەڵێنی گۆڕانکاری دەدات، بەڵام چاودێران هۆشداری لە شکاندنی قەدەخەکراوە سیاسییەکان دەدەن. نەیارەکانیشیان پێیان وایە دوورخستنەوەی کۆچبەران، هەرێمەکە بەرەو گۆشەگیری و قەیرانی ئابووری دەبات، چونکە کەرتی تەندروستی و پیشەسازیی ناوچەکە بەبێ هێزی کار و هەناردەی دەرەکی، پەکدەکەوێت.

وۆڵفگانگ مێرکڵ، پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان، رایگەیاند، "سەرکەوتنی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا و گرتنەدەستی دەسەڵات، بە واتای رەوایەتیدانە بە قەدەخەکراوەکان لە ئەڵمانیا. ئەگەر ئەم پارتە راستڕەوە توندڕەوە بۆ یەکەمین جار لە هەرێمێکی فیدراڵیدا دەسەڵات بگرێتە دەست، دەبێتە وەرچەرخانێکی مەترسیدار".

گوتیشی، "پۆپۆپۆلیزمی راستڕەو قەیرانێکی جیهانییە، بەڵام بۆ ئەڵمانیا بەهۆی مێژووەکەیەوە پەیامێکی هێماداری وێرانکەری هەیە، لەبەرئەوەی رابردوومان پێمان دەڵێت، دەبێت ئەم جۆرە رەوتانە هەر لە سەرەتاوە ریشەکێش بکرێن".

لەلایەکی دیکەوە سڤین شوڵز، پارێزگاری ساکسۆنی ئەنهاڵت، باسی لەوە کرد، "لە نەخۆشخانە و کۆمپانیاکانماندا، ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران دەبینین بە دڵسۆزییەوە کار دەکەن. هەرێمەکەمان یەک لەسەر سێی بەرهەمە پیشەسازییەکانی رەوانەی دەرەوە دەکات، بۆیە ئەگەر تەنیا بیر لە بەرژەوەندییەکی تەسک بکەینەوە و بڵێین پێویستمان بە دەرەوە و کۆچبەران نییە، ئەوا هەرێمەکەمان رووبەڕووی قەیرانێکی گەورە دەبێتەوە".