بڕیارە فەرمانبەرانی قەرەداخ لە شوێنی دیکە زەوییان پێبدرێت

بەهۆی نەبوونی زەوی لە سنووری قەرەداخ فەرمانبەرانی ئەو سنوورە لە ناوچەکانی دیکە زەوییان پێدەدرێت.

لە چوارچێوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، شارەوانی قەرەداخ ئامادەکارییەکانی بۆ دابەشکردنی زەوی تەواو کردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی زەوی ئەگەری هەیە فەرمانبەرانی ئەو سنوورە لە چەند ناوچەیەکی دیکە زەوییان پێبدرێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی سەردانی شارەوانی قەرەداخی کردووە بۆ ئەوەی رێکارەکانی گواستنەوەی زەوی فەرمانبەران لە سنوورە بۆ چەند ناوچەیەک تەواو بکرێن. بڕیاریشە گواستنەوەی زەوی فەرمانبەرانی قەرەداخ بۆ سنووری شارەوانییەکانی عەربەت، شارەزوور و دەربەندیخان بکرێت.

سالار ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی شارەزوور کرد و بە کوردستان24 ـی راگەیاند، بە گوێرەی رێنماییەکان لە سنووری هەر شارەوانییەکان زەوی بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان نەمابوو، لە نزیکترین شارەوانی ئەو سنوورە زەوییان بۆ دابین دەکرێت. 

گوتیشی: گفتوگۆ لەسەر گواستنەوەی زەوی فەرمانبەران لە قەرەداخەوە بۆ سنوورەکەی کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی ئاگادار نەکراونەتەوە.

بە گوێرەی داتاکان لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی زیاتر لە 23 هەزار پارچە زەوی دابەشکراون و تاوەکو ئێستا 50 هەزار پارچە زەوی ماون بەسەر فەرمانبەران دابەش بکرێن.

ئەوە لە کاتێکدایە لە سنووری چەندین شارەوانی هەرێمی کوردستان کێشەی نەمانی زەوی یان خاوەندارێتی موڵکەکان هەیە و بەشی زۆریان زەوی کشتوکاڵین، بۆیە لە هەندێک ناوچە پرۆسەکە بە سیستی بەڕێوەدەچێت.