هەواڵگریی عێراق دەست بەسەر بڕێک مادەی هۆشبەردا دەگرێت
ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، دەزگای هەواڵگریی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، دەستی بەسەر 10 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆری کریستاڵدا گرت، کە بازرگانان بە شێوازێکی پیشەیی لەنێو چیمەنتۆی سپیدا حەشاریان دابوو.
بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان بە مەبەستی تێپەڕاندن و شاردنەوەی کەلوپەلەکانیان لە چاوی دەزگا ئەمنییەکان، پەنا بۆ رێگەی جۆراوجۆر دەبەن. لەم حاڵەتە نوێیەدا، بازرگانەکان چیمەنتۆی سپییان وەک شاردنەوەگەیەک بۆ بڕێکی زۆری مادەی هۆشبەری کریستاڵ بەکارهێنا، بەڵام کاری وردی هەواڵگری پلانی ئەو کەسانەی پووچەڵ کردەوە.
دوای هەوڵێکی چڕی هەواڵگری و بەدواداچوونی بریکاری باڵای وەزارەتی ناوخۆ و بە چاودێریی دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندی لە رەسافە، تیمەکانی بەشی لێکۆڵینەوەی تایبەت و تەکنیک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی، توانییان دەست بەسەر ئەو بڕە مادەیەدا بگرن. لەو ئۆپەراسیۆنەدا سێ بازرگانی مادە هۆشبەرەکە دەستگیر کران.
بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی کردەوە، هەوڵەکانی بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان بۆ خۆشاردنەوە، هیچ دەرچەیەکی سەلامەتییان بۆ دابین ناکات. هێزەکانیان بە بڕیارەوە بەردەوامن لە راوەدوونانی بازرگانان و ساخکەرانی ئەو مادانە.