بەهۆی دۆسیەی گەندەڵییەوە سەدان کارمەندی پاڵاوگەی کەرکووک لەکارەکانیان دوورخرانەوە
650 کارمەندی پاڵاوگەی کەرکووک، کە سەر بە پاڵاوگەی بێجییە، لەبەردەم دیوانی پارێزگای کەرکووک خۆپیشاندانیان کرد. هۆکارەکەشی ئەوەیە، دوای ئاشکرابوونی دۆسیەی گەندەڵی عەدنان جومەیلی سەدان کارمەندی ئەو پاڵاوگەیە نێردرانە ماڵەوە.
سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، خۆپیشاندەرێک بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئێمە بە شێوەی کرێی رۆژانە لە پاڵاوگەی کەرکووک کە سەر بە پاڵاوگەی بێجییە کارمان دەکرد و ژمارەمان 650 کارمەندە، بەڵام دوای دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی، سەرجەممان لە کارەکانمان دەرکراین."
ئەو خۆپیشاندەرە روونیکردەوە، سەرەڕای دەرکردنیان، مافی دارایی چوار مانگ و 10 رۆژیان لای بەڕێوەبەرایەتییەکە ماوە و بۆیان خەرج نەکراوە. بەگوێرەی قسەکانی، کرێی رۆژانەی ئەندازیاران 40 هەزار دینار و کرێکارانیش 20 تا 25 هەزار دینار بووە.
سەبارەت بە داواکارییەکانیان، خۆپیشاندەرەکە گوتی "داواکارین بگەڕێینەوە سەر کارەکانمان و سیستمەکە وەک پێش ساڵی 2025 جێبەجێ بکرێتەوە، چونکە دوای ئەو بەروارە ئێمەیان خستە سەر وەبەرهێنەران و بەو هۆیەشەوە ماف و شایستە داراییەکانمان پێشێل کراون." ئەو خۆپیشاندەرە جەختیکردەوە، پێویستە بکرێنە کارمەندی هەمیشەیی.
ئەو خۆپیشاندەرە ئەوەشی خستەڕوو کە ژمارەی فەرمیی کارمەندانی پاڵاوگەکانی کەرکووک و بێجی 11 هەزار و 600 کەسە، بەڵام مانگێک لەمەوبەر تەنیا چوار هەزار کەس فۆڕمی دامەزراندنیان پڕکردووەتەوە و ئەوانی دیکە یان فەرمانبەری گشتی بوونە یان ناویان لە لیستی بندیوارەکاندا هەبووە.
لەلایەکی دیکەوە، خۆپیشاندەرێکی دیکە باسی لەوە کرد کە لە ساڵی 2019ـەوە تا 2026 بە شێوەی کرێی رۆژانە کاریان کردووە، بەڵام بەبێ ئاگاداریی پێشوەختە داوایان لێکراوە لە ماڵەوە دابنیشن. ئەو خۆپیشاندەرە گوتیشی "داوای پارەی ئەو چوار مانگە دەکەین کە لایان ماوەتەوە، بەڵام تا ئێستا بەرپرسان هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی شایستە داراییەکانمان پێنەداوین و تەنیا پاساوی بوونی بندیوار بەکاردەهێنن."