لە ساڵێکدا رۆژانە زیاتر لە 330 هێرشی ئەلیکترۆنی کراوەتە سەر تۆڕی بانکیی ئێران
عەبدولناسر هیمەتی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران ئاشکرای کرد لە یەک ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 1200 هێرشی ئەلیکترۆنی کراوەتە سەر تۆڕی بانگیی ئێران و خزمەتگوزارییە حکوومییەکان، بەڵام توانراوە سەرجەم هێرشەکان کۆنتڕۆڵ بکرێن، بەم پێیە رۆژانە زیاتر لە 330 هێرشکراوە.
عەبدولناسر هیمەتی ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی ئەیلوولی 2026، لە دانیشتنێکی پەرلەمانی ئێران ئامادەبوو، باسی لە شەپۆلی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بۆ سەر تۆڕی دامەزراوە بانکییەکان کرد و زیاتر لە 122 هەزار هێرشیی هاککردنی دامەزراوە داراییەکانی ئێران کراوە، بەڵام لەمەودوا دەبێت تۆڕی بانکیی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بنیاد بنرێتەوە.
گوتیشی: دەبێت سیستەمەکان بە جۆرێک دابڕێژرێنەوە لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەلیکترۆنیە، ئەگەر بەشێکی لە بانکەکانیش هاک بکرێن و تووشی کێشە ببنەوە، دەبێت دارایی خەڵک پارێزراو بێت و خزمەتگوزارییەکان رانەوەستن.
هەروەها پشکنین و هەڵسەنگاندنی ئەمنی بۆ ژێرخانە بانکییەکان چڕتر دەکرێتەوە و لێپرسینەوە لە بەڕێوەبەرانی بانکەکان دەکرێت ئەگەر پابەندی مەرجەکانی سیستەمی ئەمنی و دژە هاک نەبنەوە.
هیمەتی لەبارەی بە دۆخی هەڵاوسانی ئابووری و قەیرانی دارایی لە وڵاتەکەی، رایگەیاندووە، سەرەڕای فشار و گەمارۆکان، بەڵام تۆڕی بانکی بەردەوامە لە ئەنجامدانی ملیاران مامەڵە.
هەروەها سەبارەت بە کێشەی مووچە و شایستە دارایییەکان ئاشکرای کرد، بانکی ناوەندی هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی کێشەکان. داوای لێبوردنیشی لە خەڵک کرد بەرامبەر بەو کێشانەی لە کاتی پەککەوتنی سیستەمەکاندا بۆیان دروست بوو، بەڵێنیشیدا هەر زیانێکی دارایی بە خەڵک گەیشتبێت، قەرەبوو دەکرێنەوە.
عەبدولناسر هیمەتی جەختی لەسەر پێویستیی جیاکردنەوەی کاری بانکی ناوەندی لە بانکەکانی دیکەی ئێران کردەوە، بۆ ئەوەی بانکەکان بتوانن بە سەربەخۆیی خزمەتگوزاریی خۆیان بپارێزن و لە ئەگەری روودانی کێشەیەک لە هەر بانک و بەشێکدا، بۆ ئەوەی تێکڕای سیستەمی بانکیی ئێران پەکی نەکەوێت.