دادوەریی عێراق: لێکۆڵینەوەی زیاتر لە 5700 زیندانی داعش کۆتاییهات
دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی یەک، قۆناخی لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی پێنج هەزار و 704 زیندانی داعش کۆتایی پێهێنا، کە پێشتر لە سووریاوە بۆ عێراق گواسترابوونەوە، ئێستا رێوشوێنەکانی رەوانەکردنی دۆسیەکان بۆ دادگای تایبەتمەند دەستیپێکردووە و ئەم هەنگاوە بەپێی بەڵگە و راستییە سەلمێندراوەکان لە دۆسیەکانیاندا بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد،، قۆناخی لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی پێنج هەزار و 704 زیندانی داعش کۆتاییهات، ئاماژەی بەوەش دا، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لە شوباتی 2026 دەستیان پێکردووە و لە رێگەی وردبینیکردنی بەڵگەکانەوە بەردەوامبوون تا دۆسیەی ئەو بەربژێرانە یەکلایی بوونەتەوە، ئەو کەسانە هەڵگری رەگەزنامەی 67 وڵاتن، لەنێویاندا 16 رەگەزنامەی عەرەبی، 19 رەگەزنامەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و 32 رەگەزنامەی بیانیی دیکە هەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لیستی زیندانییەکان 474 عێراقی و 3,497 سووری لەخۆ دەگرێت، هەروەها زیندانییەکانی دیکە هەڵگری رەگەزنامەی جیاوازن، ئەنجوومەنەکە راشیگەیاند، لێکۆڵینەوەکان دەرخەری بوونی کەسانی مەترسیدار و سەرکردەی پلە یەکی داعشە کە ئەرکی سەرکردایەتی، ئەمنی، سەربازی، میدیایی، دارایی و لۆجستیکییان لەناو رێکخراوەکەدا هەبووە.
دۆسیەکان تاوانگەلێکی نێودەوڵەتییان لەخۆ گرتووە، لەنێویاندا دەستنیشانکردنی شەش زیندانی کە رۆڵی راستەوخۆیان لە تاوانەکانی بەکۆیلەکردن، دەستبەسەرکردن و کڕین و فرۆشتنی کوردانی ئێزدی هەبووە.
رێوشوێنەکانی لێکۆڵینەوە بە هەماهەنگی لەنێوان دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی یەک و ناوەندی نیشتمانی بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی و بە بەشداریی کادرانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و داد، هەروەها دەزگاکانی هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی سەربازی بەڕێوەچووە، بۆ بەڵگەنامەکردنی ناسنامە و دۆسیەکانیان، زانیارییە بیۆمەترییەکانی دەستبەسەرکراوان لە زیندانی ناوەندیی کەرخ تۆمار کراون.
سەبارەت بە ئازادکردن و تاوانە سەربەخۆکان، ئەنجوومەنەکە ئاشکرایکرد رێڕەوێکی جیاواز بۆ مێرمنداڵان تەرخانکراوە. هاوکات دوو دەستبەسەرکراو ئازاد کراون، کە یەکێکیان فینلاندی و ئەوی دیکەیان ئەمریکی بووە و رادەستی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکانیان کراون، هەروەها حەوت عێراقی بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ئازاد کراون و رێوشوێنەکانی رادەستکردنی 457 دەستبەسەرکراوی سووری بۆ لایەنی سووری تەواوکراوە، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی سووریا لە بەغدا.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری جەختیکردەوە، گەرەنتییەکانی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە بۆ هەموو تۆمەتباران رەچاو دەکرێت.
لە ساڵی 2025، لەوکاتەی گرژیی و ئاڵۆزی لە نێوان هەسەدە و حکوومەتی کاتی سووریا دروست بووە، هێزەکانی هەسەدە ئەو کەمپ و زیندانانەی چەکداری داعش و کەسوکاریان تێیدا دەستبەسەر بوون، جێهێشت، بەهۆیەوە ژمارەیەک لە ئەندامان و چەکدارانی داعش هەڵاتن، هەروەها زیاتر لە پێنج هەزار و 700 چەکداری داعشیش بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان گواسترانەوە عێراق و دادگایی کران.