زیاتر لە 100 چەکدار و 20 ئۆتۆمبێلی سەربازی چوونە نێو حەسەکە
حکوومەتی سووریا زیاتر لە 100 چەکدار و 20 ئۆتۆمبێلی سەربازی رەوانەی ناوەندی شاری حەسەکە کرد، مەبەست لەم هەنگاوەش جێبەجێکردنی رێککەوتنی تێکەڵکردنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیە لەگەڵ پۆلیسی سەربازیی ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 01ـی ئەیلوولی 2026، هێزێکی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکوومەتی سووریا چوونە ناوەندی شاری حەسەکە لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پڕۆسەی تێکەڵکردنی پێکهاتە سەربازی و ئەمنییەکان بەپێی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) جێبەجێ کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، هێزەکان بە گوتنەوەی سروودی ئیسلامی و "ئەڵڵاهوئەکبەر" چوونەتە نێو شارەکە. هێزەکە لە زیاتر لە 100 چەکدار و 20 ئۆتۆمبێلی سەربازی پێکهاتووە و بەشێک لە چەکدارەکانیش لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگا لە ناوەندی شارەکە جێگیر کراون.
گەیشتنی ئەم هێزە هاوکاتە لەگەڵ سەردانی شاندێکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی رێوشوێنەکانی تێکەڵکردنی ئەندامانی ئاسایشی ناوخۆ لەناو ریزەکانی پۆلیسی سەربازیی حکوومەتدا.
ئەو ئەندامانەی ئاسایش پێشتر سەر بە هەسەدە بوون و لە هەمان کاتدا کار بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی پەیوەست بەو تێکەڵبوونە لە شارەکەدا دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 25ـی ئابی 2026، مەزڵووم عەبدی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـی وەک هێزێکی سەربەخۆ راگەیاند دوای تەواوبوونی پرۆسەی تێکەڵبوونی هێزەکانیان بە سوپای سووریا.
خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکەی هەسەدە و حکوومەتی سووریا:
- هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.
- هەموو کێڵگە نەوتی و گازییەکان، دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان رادەستی دیمەشق دەکرێن.
- دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا تێکەڵ بە ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن.
- خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی رۆژئاوای کوردستان.
- دانپێدانان بەوەی کۆمەڵگەی کوردی پێکهاتەیەکی ڕەسەنی سووریایە و دەوڵەت مافی هاووڵاتیبوون و مافە دەستورییەکانیان گەرەنتی دەکات.
- مافی نوێنەرایەتی و بەشداری هەموو سوورییەکان لە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوەکاندا لەسەر بنەمای لێهاتوویی، بێ گوێدانە پاشخانی ئایینی یان نەتەوەیی.
- رەتکردنەوەی هەر بانگەشەیەک بۆ دابەشکردنی سووریا.