ئیسماعیل بەقایی: هیچ دەستدرێژییەکی ئەمریکا بێ وەڵام ناهێڵینەوە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، تاران لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانی، پێشهاتەکان هەڵدەسەنگێنێت، هۆشداریشیدا لەوەی هیچ دەستدرێژییەک بێ وەڵام ناهێڵنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی ئەیلوولی 2026، ئیسماعیل بەقایی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، سەرەخۆشیی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی سێ هاووڵاتیی ئێرانی لە ئەنجامی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر لارک دەربڕی و گوتی: وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی وڵات پێشهاتەکان هەڵدەسەنگێنێت و هەرچییەک لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت، جێبەجێی دەکرێت.

سەبارەت بە لیدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، بەقایی جەختیکردەوە، ئەو دۆخە نابێتە هۆی ئەوەی ئێران لە توانا و هەڵوێستەکانی خۆی بێ ئاگا بێت، گوتیشی، ئێران لە هەر شوێنێک پێویست بکات، لە ئامرازی دیپلۆماسی بۆ روونکردنەوەی هەڵوێست و بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی ئێران سوود وەردەگرێت.

 

پێویستە بە تەواوی توانامانەوە چاودێریی جموجۆڵەکانی دوژمن بکەین

بەقایی سەبارەت بە سەردانی بەرپرسانی عومان، قەتەر و پاکستان بۆ تاران و پێشهاتەکانی جەنگ و دانوستانەکان گوتی، هاوکێشەی ئێران بەرژەوەندیی نیشتمانییە و بەپێی بارودۆخ و پێداویستییەکان بڕیار لەبارەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانەوە دەدرێت، سەبارەت بە عاسم مونیر گوتی، ئەو بەرپرسە نە پەیامی ئەرێنی و نە نەرێنیی پێ نەبوو، بەڵکو لە چوارچێوەی وڵاتێکی دۆست و بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان سەردانی تارانی کرد و تێڕوانینەکانی خۆی خستە روو.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە روونیکردەوە، ئەمریکا تاوانێکی وەهای کردووە بۆ تاران شتێکی نوێ نییە و ئەوان هەمیشە بە بیانوویەک دەستدرێژی دەکەن و وەڵامی پێویستیش وەردەگرن، بەقایی ئاماژەی بەوەدا، ئەو کردەوانە ئەوە پێشان دەداتکە  ئەمریکییەکان لە سەرلێشێواویدان و بە زیادەڕۆیی تۆمەتبارن، هەروەها چەمکی دانوستانیان لەگەڵ فەرمانکردن تێکەڵ کردووە کە ئەوەش سەرکەوتوو نابێت، جەختیکردەوە، پێویستە بە تەواوی توانایانەوە چاودێریی جموجۆڵەکانی دوژمن بکەن و هیچ دەستدرێژییەک بێ وەڵام ناهێڵنەوە.

 

پێویستە لە بەرگری بەردەوام بین

سەبارەت بە تێگەیشتنی ئیسلامئاباد، بەقایی گوتی، لە هەر گفتوگۆیەکدا دەبێت ئەو راستییە لەبەرچاو بگیرێت کە ئەمریکا ئەو بەڵێننامەیەی پێشێل کرد کە سەرۆکەکەی خۆی واژۆی کردبوو. ئەمریکا بە ئاگادارییەوە بڕیاری پێشێلکردنی دا و دەبێت بەرامبەر بەو پێشێلکارییە بەرپرسیار بێت، بەگوێرەی دۆخی ئێستا و بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی و جەنگی ئابووری، ئێران دەبێت لەسەر بەرگری بەردەوام بێت.

 

هیچ چالاکییەکی ئەتۆمی لە چیای کوڵەنگ نییە

لە وەڵامی لێدوانەکانی گرۆسی سەبارەت بە چیای کوڵەنگ و پرسی ئەتۆمی ئێران، بەقایی گوتی، ئێران لە چوارچێوەی ئاساییدا لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە پەیوەندیدایە، ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی چالاکیی ئەتۆمییەوە دەکرێن، بەداخەوە هەندێک ناکۆکیی سیاسیی بەرپرسانی ئاژانس و خودی گرۆسی بووەتە هۆی ئەوەی لایەنی بەرامبەر سوودی لێ وەربگرێت، ئیسماعیل بەقایی داوای لە ئاژانس کرد رەفتارەکانی خۆی بەپێی بنەماکانی ئاژانس رێک بخات و گوتی، خودی قسەکانی بەڕێوەبەری گشتی پێشان دەدات کە لێدوانەکانی ئێران راستن و ئێمە هیچ چالاکییەکی ئەتۆمی لە چیای کوڵەنگ نییە.

 

گرفتاریی ئەمریکا لە جەنگ لەگەڵ ئێران

ئیسماعیل بەقایی لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە گرفتی کەرەستەی سەربازیی ئەمریکا لە جەنگ لەگەڵ ئێران و لێدوانەکانی ترەمپ دەکرێن، رایگەیاند، ئەمریکییەکان بەهۆی ئەو دۆخەی خۆیان دروستیان کردووە، تووشی سەرلێشێواوی بوون و هەر جارەی درۆیەک بڵاو دەکەنەوە. ئەوەی روونە ئەوەیە ئەمریکا بەهۆی هەڵەی هەژمارکردن و تێوەگلانی هەموو جیهان تووشی داڕمان بووە.

 

پەیڕەوکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا لەلایەن ئەورووپاوە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە پشتیوانیی ئەوروپا لە گەمارۆکانی سەر ئێران گوتی، ئەگەر ئەوروپا پێیوایە بە دژایەتی ئێران دەتوانێت لای ئەمریکا رێز بەدەست بهێنێت، ئەوا هەڵەیە، ئەوروپییەکان توانای فێربوونیان لە ئەزموونەکان لەدەست داوە؛ ئەو پاڵپشتییەی ئەوروپا لە گەمارۆکانی ئەمریکا، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە.

 

هەموو کردەوەکانی ئەمریکا لە دەستدرێژیی سەربازیدا تاوانی جەنگن

بەقایی سەبارەت بە تاوانەکانی جەنگ بۆ سەر قوتابخانەکانی ئێران گوتی، ئێمە پێویستمان بە پشتڕاستکردنەوەی راپۆرتی میدیا یان شارەزایانی رۆژئاوایی نییە کە رووداوەکانی میناب و لامێرد تاوانی جەنگن. هەموو کردەوەکانی ئەمریکا لە دەستدرێژیی سەربازیدا، تاک بە تاکیان تاوانی جەنگن. میناب لەبەر ئەوە ناوی دەرکەوت کە کۆمەڵێک لە بێتاوانترین مرۆڤەکان کوژران.

 

راوێژکاری لەگەڵ وڵاتانی جیاواز لە لووتکەی شانگەهای

بەقایی سەبارەت بە هەوڵی ئەمریکا بۆ هاندان دژی ئێران و هەنگاوی پێچەوانەی ئێران لە لووتکەی شانگەهای، گوتی، ئەمریکا هیچ لۆژیکێکی نییە بۆ رازی کردنی وڵاتان بۆ جەنگی ئابووری دژی ئێران، هیچ وڵاتێک کە بەهایەک بۆ ئەخلاقی مرۆیی دابنێت، لەگەڵ ئەمریکا نابێت، ئێمە لە لووتکەی شانگەهای سوود لەو دەرفەتە بۆ راوێژکردن لەگەڵ وڵاتان وەردەگرین.

 

ئەمریکا هیچ دڵسۆزییەکی بۆ ئێرانییەکان نییە

سەبارەت بە ئامارەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردوو، بەقایی گوتی، وا دیارە درۆکردن بۆ ئەمریکییەکان بووەتە پیشە، ئێمە پێچەوانەی ئەمریکییەکان کە هیچ بەهایەک بۆ ژیانی مرۆڤەکان دانانێن، بۆ هەر کەسێک کە گیانی لەدەست داوە خەمبارین، ئەمریکا هیچ دڵسۆزییەکی بۆ ئێرانییەکان نییە، چونکە ئەگەر دڵسۆز بوونایە، ئەو هەموو تاوانەیان ئەنجام نەدەدا، ژمارەی 168 هەرگیز لە زەینمان ناسڕێتەوە. یەکێک لە کارەکانی ئەمریکا ئەوەیە بە ساختەکاری و دروستکردنی ئامار، هەوڵ دەدات تاوانەکانی خۆی پەردەپۆش بکات.