عێراق گرێبەستەکانی کڕینی چەک خێراتر دەکات
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق جەخت دەکاتەوە، کابینەکەی زەیدی لە ماوەی 100 رۆژی کارکردنیدا دەستکەوتی گرنگی ئەمنیی بەدەستهێناوە، لەوانەش کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و کۆتاییهێنان بە چەکی بێمۆڵەت و بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانیی وڵات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 01ـی ئەیلوولی 2026، لیوا سەعد مەعن، سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییە ئەمنییەکان لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رایگەیاند، کابینەکەی عەلی فالح زەیدی لە ماوەی 100 رۆژی رابردوودا هەنگاوی گەورەی لە دۆسیەی ئەمنیدا ناوە، یەکەمین و گرنگترین دەستکەوتیش بریتییە لە تەواوکردنی رێکارەکانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق لە رۆژی 30ـی ئەیلوولی داهاتوودا، بە جۆرێک بڕیاری نیشتمانیی عێراق سەربەخۆ دەبێت و سوپای فەرمی تەواوی ئەرکەکان دەگرێتە ئەستۆ.
سەعد مەعن ئاشکرای کرد، پرسی کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردنی چەک لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکاندا و پاوانکردنی بڕیاری شەڕ و ئاشتی بۆ دامەزراوە دەستوورییەکان، لە دروشمێکی سیاسییەوە گۆڕدراوە بۆ کارنامەیەکی فەرمیی حکوومەت. هاوکات بە فەرمی جەخت کراوەتەوە خاکی عێراق بە هیچ شێوازێک نابێت ببێتە سەرچاوەی هێرشکردنە سەر وڵاتانی هاوسێ یان گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمییەکان.
لەبارەی بەرگریی ئاسمانییەوە، سەعد مەعن روونی کردەوە، کار بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی چەند ساڵەی نوێ و خێراکردنی گرێبەستەکانی کڕینی چەک کراوە، لە پاڵ بەهێزکردنی کۆنترۆڵکردنی توندی سنوورە نێودەوڵەتییەکان بە هەماهەنگیی دەزگای هەواڵگری لەگەڵ وڵاتانی هاوسێ، ئەمەش بە مەبەستی رێگریکردن لە دزەکردنی گرووپە چەکدارەکان و قاچاخچێتی و رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ململانێ دەرەکییەکان.
لە ماوەی رابردوودا بەردەوام پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق جێگەی مشتومڕ بووە. بەپێی رێککەوتنی نێوان واشنتن و بەغدا، بڕیارە تاوەکو 30ـی ئەیلوولی 2026 تەواوی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بکشێنەوە و ئەرکە ئەمنییەکان بە تەواوی رادەستی هێزە عێراقییەکان بکرێن.
لەم چوارچێوەیەدا حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کار بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی بێمۆڵەت و بەهێزکردنی تواناکانی سوپای عێراق دەکات.