تەقینەوەکانی ئیدلب 10 قوربانی لێکەوتەوە
سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، چەند تەقینەوەیەکی یەک لەدوای یەک لە بنشی سەر بە دەوروبەری ئیدلب روویاندا، بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و 8 کەسی دیکەش برینداربوون.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە کوردستان24ـی راگەیاند، تەقینەوەکان لەکاتێکدا روویانداوە کە ئۆتۆمبێلێکی پڕ لە تەقەمەنی لە دەروازەی بنش گواستراوەتەوە. بەوهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و هەشتی دیکەش برینداربوون، راشیگەیاند، دوای رووداوەکە تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنەکە و بەشێک لە بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانەی سەربازی گواستووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەک لەو کەسانەی لە کاتی رووداوەکەدا لە دەوروبەری شوێنەکە بوون، نادیارە. هاوکات بەهۆی تەقینەوەی تەقەمەنییەکان لە ناوچەکەدا، دووکەڵێکی چڕ ئاسمانی داپۆشیوە.
روانگەی سووری راشیگەیاند، لایەنە ئەمنییەکان سەرجەم رێگاکانی گەیشتن بە شوێنی رووداوەکەیان داخستووە و رێگری لە نزیکبوونەوەی هاووڵاتییان دەکەن. دانیشتووانی ناوچەکەش ئاگادارکراونەتەوە بەهۆی مەترسیی تەقینەوەی زیاتر و بڵاوبوونەوەی پارچە کانزاییەکان، نەچنە ئەو سنوورەوە.
هەروەها تیمەکانی فریاگوزاری و بەرگریی شارستانی بەردەوامن لە هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردن. لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دیاریکردنی قەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکان و ئەمنکردنی ناوچەکە.
رووداوەکە جارێکی دیکە مەترسیی گواستنەوەی تەقەمەنی و ماددە سووتێنەرەکانی بەنێو ناوچە نیشتەجێبوونەکاندا خستووەتە بەر باس. هەر کەموکوڕییەک لەم پرۆسەیەدا دەبێتە هۆی زنجیرەیەک تەقینەوە و زیانی گەورەی گیانی و ماددی، کە ئەمە گومانی جددی لەبارەی سەلامەتیی هاووڵاتییان لە ناوچەکان دروستکردووە.