سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گەیشتە ئیمارات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە وڵاتی ئیمارات و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 01ـی ئەیلوولی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەبوزەبیی پایتەختی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتووی ئیمارات. 

لە راگەیەنراوەکەی حکوومەتدا ئاماژە بەوە دراوە، بڕیارە مەسرور بارزانی لە سەردانەکەیدا لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، کۆببێتەوە.

دوایین سەردانی فەرمیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات، لە 2ی شوباتی 2026 بوو. 

سەردانەکە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شێخ محەممەد بن ڕاشد ئال مەکتوم، جێگری سەرۆکی ئیمارات و حاکمی دوبەی بوو، بە مەبەستی بەشدارییکردن لە لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی.

لە پەراوێزی لووتکەکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئاستبەرز لەگەڵ بەرپرسانی ئیماراتی (لەوانەش سەرۆکی ئیمارات شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان و جێگری سەرۆکی وەزیران و وەزیری ناوخۆ شێخ سەیف بن زاید) و سەرکردەکانی دیکەی بەشداربووی لوتکەکە کرد.

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە ئاستێکی زۆر باشدان و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە.

 هەولێر و ئەبوزەبی پەیوەندییەکی ئابووری و دیپلۆماسیی بەهێزیان هەیە و چەندین کۆمپانیای گەورەی ئیماراتی لە هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی وزە و وەبەرهێناندا کار دەکەن.

 لە هەمان کاتدا ئیمارات کونسوڵخانەی گشتیی لە هەولێر هەیە و بەردەوام هەردوو لا جەخت لە فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانی و سیاسییەکانی نێوانیان دەکەنەوە.