ئەردۆغان: هاوپەیمانیی مەککە گەرەنتیی سەقامگیریی ناوچەکەیە

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: هاوپەیمانیی مەککە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا.

سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە کرد، "هاوپەیمانیی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش، کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتیی ناوچەیی و بەرپەرچدانەوەی بەکۆمەڵ دامەزراوە، هاوکارییەکی گرنگ پێشکەش بە بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا دەکات."

لە لایەکی دیکەوە، لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا کە رۆژی دووشەممە لە لایەن لیژنەی ستراتیژیی سیاسی و بەرگریی ڕێککەوتنی مەککەوە بڵاوکرابووەوە، ئاماژە بەوە کرابوو،کە هەریەکە لە سعوودیە، پاکستان و تورکیا لە رێگەی چالاکیی هاوبەشەوە کار بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگری و یەکگرتوویی هێزە چەکدارەکانیان دەکەن، ئەمەش بە پشت بەستن بە "هاوکاریی بەهێز لە بواری پیشەسازیی سەربازی و گەشەپێدانی بەرهەمهێنان و تەکنەلۆجیای هاوبەش

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە 7ـی ئابی ڕابردوودا، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و شەهباز شەریف سەرۆ وەزیرانی پاکستان، لە شاری مەککە رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشیان واژۆ کرد.

ئەم رێککەوتننامەیە لە چوارچێوەی هاوکارییەکی بەرگریدا دێت کە ئامانج لێی بەهێزکردنی پابەندبوونی لایەنەکانە بۆ پاراستنی ئاشتی، سەقامگیری و گەشەسەندن لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، لەسەر بنەمای دابەشکردنی بەرپرسیارێتییەکان و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ چەمکی ئاسایش.

ئامانجی سەرەکیی رێککەوتنەکە بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوەی هاوبەشە لە بەرامبەر هەر هێرش یان دەستدرێژییەکدا، و تێیدا هاتووە کە ئەنجامدانی هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر هەر یەکێک لەم سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر هەموو لایەنەکان ئەژمار دەکرێت.