قالیباف: تا ئەمریکا بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکات گەرووی هورمز ناکرێتەوە
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا جەختی کردەوە، تاران خاوەنی باڵادەستی و کۆنترۆڵی تەواوەتییە بەسەر گەرووی هورمزدا، هاوکات هۆشداریی دا کە تاوەکو واشنتن بەڵێنەکانی لە رێککەوتننامەکاندا جێبەجێ نەکات، گەرووەکە بە رووی کەشتیوانیدا ناکرێتەوە.
سێشەممە 1ـی ئەیلوولی 2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە گوتاری ڤیدیۆیی خۆیدا بۆ گەلی ئێران لەسەر دوایین دۆخی وڵات لە چوار بەرەی سەربازی، دیپلۆماسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بەوە کرد، هێزە چەکدارەکان بە تەواوی ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکن و لە ماوەی 15 مانگی رابردوودا بە ئەندازەی دەیەیەک پێشکەوتنیان لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، رادار و مووشەکیدا بە تەکنۆلۆژیای ناوخۆیی بەدەستهێناوە، گوتیشی: ئێمە بە پشتبەستن بە توانا ناوخۆییەکانمان دەستمان بۆ دوژمن درێژ نەکردووە و لە هەموو قۆناخەکانی جەنگدا وەڵامی کەمەرشکێنمان پێشکەش کردووە.
سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز، قالیباف لێدوانەکانی ئەمریکای لەبارەی کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە بە تەواوی رەتکردەوە و گوتی: تاران کۆنترۆڵی رەهای بەسەر گەرووی هورمزدا هەیە؛ پێش جەنگ رۆژانە 120 کەشتی تێدەپەڕین، بەڵام ئێستا تەنیا چەند کەشتییەکی کەم وەک قاچاخچی هەوڵی تێپەڕین دەدەن کە دەکەونە بەر هێرشەکانمان.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئاشکراشی کرد، دوای بۆردوومانەکەی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی لارک کە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو چەکداریان، تاران لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا مووشەکبارانی بنکەکانی ئەمریکای کردووە، و جەختی کردەوە، بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز تەنیا بەپێی بەندی پێنجەمی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و عومان و لە دوای جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ئەمریکا دەبێت، ئەگەرنا بە داخراوی دەمێنێتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەرنجی خستە سەر هەڵمەتە ئابوورییەکانی ئەمریکا و رایگەیاند، دوژمن دوای شکستی سەربازی پەنای بۆ جەنگی تێکەڵاو و ئابووری بردووە تا ئاژاوە لە ناوخۆی وڵاتدا دروست بکات. دەربارەی قەیرانی بەنزین، قالیباف روونیکردەوە کە ناهەوسەنگی لە بەکارهێنانی سووتەمەنیدا هەیە بەهۆی کواڵیتیی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلەوە نەک خەڵک، بەڵام بە بەڕێوەبردنی دروست و دەستپێوەگرتنی گشتی دەتوانرێت بەسەر ئەو گرفتەشدا زاڵ بن، هاوکات ئاشکراشی کرد کە لە ماوەی کاراکردنی رێککەوتنەکەدا تاران توانیویەتی زیاتر لە 80 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات.
محەمەدباقر قالیباف داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان و بەرپرسانی وڵات کرد کە ناکۆکییەکانی چەند مانگی رابردوو وەلا بنێن و هۆشداریی توندی دا کە دروستکردنی دووبەرەکی و درزخستنە ناو کۆمەڵگە لەم کاتە هەستیارەدا، خزمەتکردنە بە پیلانی دوژمن و دژ بە ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.