سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر پرۆژەیەکی نوێی شەقامسازی جێبەجێ دەکات
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی ئاوەدانی، فراوانکردنی تۆڕی شەقامەکان و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان، کارکردن بە چڕی لە پڕۆژەی دروستکردنی شەقامێکی نوێ لە پایتەخت بەردەوامە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی ئابی 2026، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێ بڵاویکردەوە، دروستکردنی شەقامێکی 20 مەتری بە درێژیی (870) مەتر. ئەم شەقامە یەکێکە لە ڕێگە سەرەکی و گرنگەکان کە رێگای شاری "زین ستی" بە شەقامێکی 60 مەتریی نێوان رێگای سەرەکیی پیرمام بۆ رێگای بەحرکە دەبەستێتەوە.
شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش داوە، گوژمەی تەرخانکراو بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە چوار ملیار و چوار سەد و چواردە ملیۆن و پێنج سەد و پەنجا هەزار دینار.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە، تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی لۆد و قەرەباڵخیی هاتوچۆ لەو ناوچەیەدا و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتوچۆی رۆژانەی هاوڵاتییان و دانیشتووانی ناوچەکە دەستەبەر دەکات.