بێسێنت: چین پشتیوانی ئامانجەکانمان لە دژی ئێران دەکات
وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لێواری داڕمانی تەواوەتیدایە و دەسەڵاتی تارانی وەک "مارێکی سەربڕدراو" وەسف کرد کە هێشتا نازانێت مردووە، هاوکات ئاشکرای کرد، واشنتن و بەیژینگ لەسەر رێگریکردن لە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز تەواو هاوڕان.
سێشەممە 1ی ئەیلوولی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی تایبەتی تۆڕی (CNBC)ی ئەمریکی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی گرووپی 20دا، دۆخی ئێستای دەسەڵاتدارانی ئێرانی چواند بە :مارێکی ژەهراوی: کە سەری لە لاشەی جیاکراوەتەوە و گوتی: ئێمە سەری ماری ئێرانمان بڕیوە و لەژێر خاکدا دەیشارینەوە؛ مارەکە خۆی هێشتا نازانێت کە مردووە، بەڵام لەگەڵ ئاوابوونی خۆردا جووڵەی بە تەواوی رادەوەستێت. ئێران بەرەو کۆتایی یەکجارەکی هەنگاو دەنێت و بەمزووانە خۆشیان بەم راستییە دەزانن.
سەبارەت بە هەڵوێستی بەیژینگ بەرامبەر تاران، بێسێنت ئاشکرای کرد، ئەمریکا لە دۆسیەی ئێراندا خاڵی هاوبەشی زیاتری لەگەڵ چین هەیە وەک لە ناکۆکییەکان، و روونیکردەوە، لە گفتوگۆ نهێنییەکانماندا لەگەڵ بەرپرسانی چین لەسەر دوو پرسی بنەڕەتی هاوڕاین: یەکەم، ئێران نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؛ دووەم، پێویستە ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا دەستەبەر بێت، و چینیش بە تەواوی پشتیوانی لەم دوو ئامانجە دەکات.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هۆشداریی دا کە واشنتن لەم هەفتەیەدا و هەفتەی داهاتووش زنجیرەیەک سزای نوێ بەسەر ئەو بانکە بیانییانەدا دەسەپێنێت کە مامەڵە لەگەڵ تاران دەکەن، و سوپاسی هاوپەیمانەکانی ئەمریکای لە یەکێتیی ئەوروپا، بانکی ناوەندیی ئەوروپا، بەریتانیا، ئیمارات و بەحرێن کرد بۆ پشتیوانیکردنیان لە گوشارەکان، گوتیشی: جیهان لە دەست ئەم دەسەڵاتەوە یاخی و سەرکێشە تەواو بێزار بووە؛ پەیامی ئێمە بۆ هەمووان ڕوونە: یان لەگەڵ ئێمەدان لەم شەڕەدا، یان لە دژمانن.
بێسێنت سەرنجی خستە سەر داڕمانی دارایی تاران و روونیکردەوە کە ئێران سەرەڕای هەبوونی سێیەم گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهان، بەهۆی گەمارۆی دەریاییەوە ناچار بووە بەنزین هاوردە بکات و بانکی ناوەندییەکەی پەنای بۆ چاپکردنی بێسنووری دراو بردووە بۆ پێدانی مووچەی سەربازەکانی، و جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکیی واشنتن دروستکردنی ئەو بارودۆخە قورسەیە کە تاران بە ناچاری مل بۆ رێککەوتنێک بە مەرجەکانی ئەمریکا بدات.