سەعد مەعن: دوای هاوپەیمانان سوپای عێراق ئەرکەکان دەگرێتە ئەستۆ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق جەخت دەکاتەوە، کابینەکەی زەیدی لە ماوەی 100 رۆژی کارکردنی دەستکەوتی گرنگی ئەمنیی بەدەستهێناوە، لەنێویاندا جەختکردنەوە لەسەر کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، کۆنترۆڵکردنی چەک و بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی.
سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد: کابینەکەی عەلی فالح زەیدی لە ماوەی 100 رۆژی رابردوودا هەنگاوی گەورەی لە دۆسیەی ئەمنیدا ناوە؛ یەکەمین و گرنگترین دەستکەوتیش بریتییە لە تەواوکردنی رێکارەکانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق لە رۆژی 30ـی ئەم مانگە، بە جۆرێک بڕیاری نیشتمانیی عێراق سەربەخۆ بێت و سوپای فەرمی تەواوی ئەرکەکان بگرێتە ئەستۆ.
مەعن ئاشکرای کرد، پرسی کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و قۆرخکردنی بڕیاری شەڕ و ئاشتی بۆ دامەزراوە دەستوورییەکان، لە دروشمێکی سیاسییەوە گۆڕدراوە بۆ کارنامەیەکی فەرمیی حکوومەت.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە خاکی عێراق بە هیچ شێوازێک نابێت ببێتە سەرچاوەی هێرشکردنە سەر وڵاتانی هاوسێ یان گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمییەکان.
لە بارەی بەرگریی ئاسمانیدا، سەعد مەعن، گوتی: کار بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی چەند ساڵەی نوێ و خێراکردنی گرێبەستەکانی کڕینی چەک کراوە، لە پاڵ بەهێزکردنی کۆنترۆڵکردنی توندی سنوورە نێودەوڵەتییەکان بە هەماهەنگی دەزگای هەواڵگری لەگەڵ دەوڵەتانی هاوسێ بە مەبەستی رێگریکردن لە دزەکردنی گرووپە چەکدارەکان، قاچاخچێتی و رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ململانێ دەرەکییەکان.