سێنتکۆم: هێرشی بەرفراوانمان بۆ سەر پێگە و بنکەکانی سوپای پاسداران دەستپێکرد

هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانیی بەرفراوانیان بۆ سەر پێگەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە دەوروبەری گەرووی هورمز و کەناراوەکانی باشووری ئەو وڵاتە دەستپێکرد، هاوکات دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە شار و دوورگە کەناراوییەکانی ئێران لەسەر کەنداو و دەریای عومان بیستراون.

سێشەممە 1ـی ئەیلوولی 2026،  بەپێی راگەیەندراوی سێنتکۆم، کاتژمێر 7:00ـ بە کاتی هەرێمی کوردستان، هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بە بۆردوومانکردنی چەندین پێگە و ئامانجی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC) کردووە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەم هێرشانە لە وەڵامی هەوڵەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران دێن بۆ بەئامانجگرتنی کەشتیوانیی بازرگانی لە گەرووی هورمز و هێرشکردنە سەر سەربازانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هاوکات، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە دەنگی چەندین تەقینەوەی گەورە لە باشووری ئەو وڵاتە بیستراون؛ بە جۆرێک هێرشەکان چەندین ناوچە و بەندەری گرنگیان گرتووەتەوە، لەوانە: دوورگەی قشم، بەندەر عەباس، چابەهار، بەندەری کۆنارەک، جاسک، سیریک و میناب.

هەروەها بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی، کاتژمێر 7:30ی ئێوارەی ئەمڕۆ، سەرچاوە خۆجێییەکان ئاشکرایان کردووە کە دەنگی 6 تەقینەوە لە شاری کەنارەکانی سەر سنووری پارێزگای سیستان و بەلووچستان بیستراوە، بەڵام تا ئێستا شوێنی وردی ڕووداوەکە و زانیاری لەبارەی زیانەکان لەلایەن بەرپرسانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

ئاماژەشی داوە، لە نێوان کاتژمێر 7:30 بۆ 7:45ی ئێوارە، دەنگی 8 تەقینەوە لە کەناراوەکانی باشووری دوورگەی قشم بیستراوە. هاوتەریب لەگەڵ ئەمەشدا، هەندێک سەرچاوەی نافەرمی باس لەوە دەکەن کە دەنگی تەقینەوەکان لە نزیک فڕۆکەخانەی قشم بووە.

شەپۆلی دەنگی تەقینەوەکان تەنیا لەو دوو ناوچەیە نەوەستاوە؛ بەگوێرەی ڕاپۆرتی پەیامنێری تەسنیم، لە چەند ناوچەیەکی شاری بەندەرعەباس و شاری سیریکیش دەنگی تەقینەوەی هاوشێوە بیستراوە و دانیشتووانی ناوچەکەی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە.