ترەمپ: هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران لە تۆڵەی مینڕێژکردنی هورمز و هێرشەکردنە سەر ئوردنە
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئێستا هێزەکانی ئەمریکا هێرشی بەرفراوان و بەهێز دەکەنە سەر پێگەکانی ئێران لە نزیک گەرووی هورمز، وەک وەڵامێک بۆ چاندنی مین و هێرشە مووشەکییەکەی سەر بنکەی ئەمریکا لە ئوردن.
سێشەممە 1ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: "ئێستا کە قسە دەکەین، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر ئامانجەکانی ئێران لە نزیک گەرووی هورمز.
راشیگەیاندووە، هێرشەکان گەورە و بەهێزن، ئەمەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەکە لە هەوڵی شکستخواردووی ئێرانییەکان بۆ دانانی مینی دەریایی لە گەرووەکەدا، کە ئێستا هیچ مینێکی لێ نییە و سەرجەمیان بە تەواوی لابراون یان تەقێنراونەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کردووە، ئەم هێرشانە، وەڵامێکە بۆ هاویشتنی هەشت مووشەک لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر بنکە سەربازییەکەمان لە ئوردن، کە سەرجەمیان بە سەرکەوتوویی خرانە خوارەوە.
ترەمپ لە درێژەی پەیامەکەیدا هەڕەشەی توند دەکات و دەڵێت: "ئەگەر ئەم وڵاتە شکستخواردووەی ئێران وەڵامی ئەم هێرشە زۆر رەوایە بداتەوە، جارێکی دیکە و بە شێوازێکی زۆر توندتر و لە ئاستێکی بەرزتردا لێیان دەدرێت، بەڵام ئەوەش گەورەترین هێرش نابێت، بەڵکو هێرشە گەورەکە لە ئامادەباشیدایە و چاوەڕێیە، کاتێکیش ئەو هێرشە تەواو بێت، زۆر شتی کەم لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەمێنێتەوە.
هەروەها لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر ئێران خستەڕوو و گوتی: سەرکردەکانی ئێران ناوەستن ، هەربۆیە لە ئەگەری هەر هەوڵێکی تۆڵەسەندنەوەدا باجێکی زۆر قورس دەدەن.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکراشی کرد کە ئێرانییەکان هەوڵیان دابوو سیستەمی رادارەکانیان نۆژەن بکەنەوە، لەبەر ئەوەی دوای هێرشەکان توانای بینینی هیچ شتێکیان نەمابوو، بەڵام ئەمریکا چاوەڕێی کردووە تا کارەکانی دروستکردنەوەکەی گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و پاشان پێگەکەیان کردووەتە ئامانج و لەناویان بردووە.
سەبارەت بە ئەگەری دانوستان و رێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تاران، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن پێشتر دەرفەتی زۆری پێداون، بەڵام ئێستا هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئەو وڵاتە بکرێت تەنانەت بەهای ئەو کاغەزەشی نییە کە لەسەری دەنووسرێت.
هەر ئەمڕۆ بەپێی راگەیەندراوی سێنتکۆم، کاتژمێر 7:00ـ بە کاتی هەرێمی کوردستان، هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بە بۆردوومانکردنی چەندین پێگە و ئامانجی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC) کردووە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەم هێرشانە لە وەڵامی هەوڵەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران دێن بۆ بەئامانجگرتنی کەشتیوانیی بازرگانی لە گەرووی هورمز و هێرشکردنە سەر سەربازانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.