سوپای پاسداران: ئەمریکا پەشیمان دەکەینەوە
ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە، کە وڵاتەکەی بڕیاری کۆتایی داوە بە شێوەیەکی مسۆگەر وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بداتەوە. هاوکات قەرارگەی خاتەمولئەنبیا رایگەیاندووە، لە بەرامبەر پێشێلکردنی سەروەریی خاکەکەیاندا بێدەنگ نابن.
سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، دوای ئەوەی ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئێران، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەمریکا لە هێرشە نوێیەکانی پەشیمان دەکەینەوە.
لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە، کە وڵاتەکەی بە دڵنیاییەوە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا دەداتەوە.
لای خۆیەوە قەرارگەی خاتەمولئەنبیا لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لە وەڵامی دەستدرێژییە ئاسمانییەکەی سوپای ئەمریکا بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە سیستان، بەلوچستان و هورمزگان، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لێدانێکی توند و تێکشکێنەر ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، سوپای ئەمریکا هەرچەندە بەردەوام بێت لەسەر دروستکردنی ئاڵۆزی و شەڕەنگێزی لە ناوچەکەدا، دەبێت چاوەڕوانی زیان و تێچووی زۆر قورستر و گەورەتر بێت لە بەرامبەر کارەکانیدا.
هاوکات جەخت کراوەتەوە: "بۆ چەندین جار رامانگەیاندووە و بڕیارمان داوە کە لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا سازش لەسەر مافەکانی گەلی ئێران ناکەین و، باجێکی قورس بەسەر هێزەکانی ئەمریکادا دەسەپێنین."