ئامادەکارییەکانی دوازدەیەمین فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە دەستیپێکرد
لیژنەی ئامادەکاریی دوازدەیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە، باخەوانان، پیشەوەران و خاوەنی بەرهەمە خۆماڵییەکان ئاگادار دەکاتەوە کە دەست بە رێکارەکانی ناونووسین و وەرگرتنی تیروپشک بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکەدا کراوە.
بەگوێرەی ئاگادارییەکە، پرۆسەی ناونووسین لە رۆژی 6ـی ئەیلوول دەستپێدەکات و تاوەکو 9ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت. خوازیاران دەتوانن رۆژانە لە کاتژمێر 9:30بەیانی تاوەکو 12:30ــی پاشنیوەڕۆ سەردانی شوێنە دیاریکراوەکان بکەن بۆ تۆمارکردنی ناوەکانیان.
لیژنەی ئامادەکار ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆ بەشداریکردن لە تیروپشکەکەدا، پێویستە بەشداربووان ئەم پێداویستییانەی خوارەوە ئامادە بکەن:
1- هێنانی هەردوو کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری.
2- دانی بڕی پێویستی ڕسوومات بۆ بەشداریکردن کە بەم شێوەیەیە:
75000 دینار بۆ بەشداربووانی کاری دەستی.
1000000 دینار بۆ بەشداربووانی بەرهەمی کشتوکاڵی.
1500000 دینار بۆ بەشداربووانی خواردنە خۆماڵییەکان.
3- واژۆکردنی گرێبەستێک کە ڕێنمایی و مەرجەکانی بەشداریکردنی تێدا ڕوون کراوەتەوە.
فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە ساڵانە لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت و یەکێکە لە گەورەترین فێستیڤاڵە کلتووری و ئابووریییەکان لە هەرێمی کوردستان کە هەزاران گەشتیار و هاووڵاتی لە سەرتاسەری هەرێم و عێراقەوە رووی تێدەکەن.