ئیسماعیل بێشکچی سوپاسی مەسرور بارزانی دەکات

نووسەر و کۆمەڵناسی ناوداری تورک و دۆستی دڵسۆزی گەلی کورد، د. ئیسماعیل بێشکچی، بۆ یەکەمجار دوای تێپەڕاندنی نەخۆشییەکی سەخت لە رێگەی کوردستان24وە پەیامێکی بڵاوکردەوە و سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاوکاری و بەدەنگەوەهاتنی بەردەوامی لە کاتی وەرگرتنی چارەسەرە پزیشکییەکانیدا.

ئەمڕۆ سێشەممە. 1ـی ئەیلوولی 2026، ئیسماعیل بێشکچی، یەکێکە لە دیارترین رووناکبیرانی تورکیا لە بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کورد، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24رایگەیاند "زۆر دڵخۆش و سوپاسگوزارم بۆ بەدەنگەوەهاتن و خەمخۆرییەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، مەسرور بارزانی هاوکارییەکی گەورەی پێشکەش کردووە و چەندین جار لە رەوشی تەندروستی پرسیوەتەوە و گوتی "مەسرور بارزانی هاوکارییەکی بێئەندازەی پێشکەش کردم لە کاتی نەخۆشییەکەمدا و چەندین جار لە تەندروستیمی کۆڵییەوە." هەروەها سوپاسی تەواوی ئەو کەسانەشی کرد کە بە پەیام یان بەدواداچوون خەمخۆرییان بۆ چاکبوونەوەی دەربڕیوە.

لەلایەن خۆشییەوە، ئیبراهیم گۆربوز، سەرۆکی دەزگای ئیسماعیل بێشکچی بە کوردستان24ی رایگەیاند: بێشکچی تەمەن 87 ساڵ دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی درێژخایەن، گوازراوەتەوە بۆ ئیستەنبوڵ.

گۆربوز روونیکردەوە، بێشکچی نزیکەی مانگ و نیوێک لە نەخۆشخانەی دیجلە و پاشان بۆ ماوەی 10 مانگ لە کلینیکی پزیشک جەناب ئێکینجی لە شاری ئامەد لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بووە، و گوتی "ئێستا بێشکچیمان هێناوەتە ئیستەنبوڵ." ئاماژەی بەوەش دا، تیمێکی پزیشکی بەردەوام چاودێری دەکەن و مانگی جارێک پانێڵێکی پزیشکی رەوشی تەندروستی هەڵدەسەنگێنن.