میدیاکان: ئێران هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا دەستیپێکرد

هێزە چەکدارەکانی ئێران دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بۆ سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا راگەیاند، هاوکات پەیامنێرانی مەیدانی هەڵدانی مووشەک و درۆنەکانیان پشتڕاست کردووەتەوە و لە شاری عەسەلویەش دەنگی تەقینەوە بیستراوە.

سێشەممە 1ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوی میدیا فەرمییەکانی ئێران، هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە ئۆپەراسیۆنێکی یەکلاکەرەوەیان لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا دەستپێکردووە. لەو چوارچێوەیەدا، تاران هۆشداری داوە، سەرجەم بنکە سەربازییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری ناوچەکەدا دەکەونە ژێر بۆردوومانی مووشەکی و هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانەوە.

هاوکات پەیامنێرانی ئاژانسی هەواڵی فارس لە چاودێرییە مەیدانییەکانیاندا ئاشکرایان کردووە کە هەڵدانی مووشەک و درۆنەکانی ئێران بەرەو پێگەکانی ئەمریکا دەستی پێکردووە.

لە لایەکی دیکەوە و هاوتەریب لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانەدا، قایمقامی شاری عەسەلویە لە باشووری ئێران رایگەیاند، دەنگی تەقینەوە لە سنووری ئەو شارەدا بیستراوە، بەبێ ئەوەی تا ئێستا وردەکاریی زیاتر لەبارەی هۆکار و زیانەکانی ئەو تەقینەوەیە ئاشکرا بکرێت.