وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا: بووینەتە ئامانجی رۆژانەی هێرشەکانی رووسیا

ئەلێکساندەر دۆبرینت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەنجامی لێکۆڵینەوە هەواڵگری و ئەمنییەکان بێ هیچ گومانێک دەیسەلمێنن رووسیا بەرپرسە لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی لایپزیگ، هۆشداریشی دادا لەوەی وڵاتەکەی بووەتە ئامانجی ڕۆژانەی ڕووسیا.

ئەلێکساندەر دۆبرینت وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد "لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، شێوازی تاوانەکە و ئەنجامە هەواڵگرییەکان دەیسەلمێنن کە ڕووسیا بەرپرسە لە هەوڵی هێرشکردنەسەر فڕۆکەخانەی لایپزیگ لە 4ی ئابی رابردوودا."

دۆبرینت جەختی لەسەر بەردەوامیی هەڕەشەکان کردەوە و گوتی "ئێمە وا دادەنێین کە ئەڵمانیا ئامانجی زیاتری هێرشە هەمەجۆر و هێبریدییەکانی رووسیایە و مۆسکۆ ئامانجییەتی زیانی زیاترمان پێ بگەیەنێت."

سەبارەت بە وەڵامی بەرلین بۆ ئەو ڕووداوە، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند "حکومەتی فێدراڵیی ئەڵمانیا بە وریاییەوە وەڵامی ئەم هێرشە هەمەچەشنەی ڕووسیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی لایپزیگ دەداتەوە."

دەربارەی سروشتی پەیوەندی و ئاڵۆزییەکانی ئێستای نێوان بەرلین و مۆسکۆ، ئەلێکساندەر دۆبرینت جەختی کردەوە: "با ئەوەش ڕوون بێت؛ ئێمە لە جەنگدا نین، بەڵام بووینەتە ئامانجی ڕۆژانەی جەنگ."