مەسرور بارزانی و محەمەد بن زاید پەرەپێدانی پەیوەندییەکان تاوتوێ دەکەن

نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و محەمەد بن زاید ئال نەهیان لە ئەبوزەبی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، هەردوولا سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ئیماراتیان کردووە و جەختیان لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە کردووەتەوە.

نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی ئەیلوولی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری ئەبوزەبی، لەگەڵ محەمەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو کۆبووەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە دیدارەکەدا کە شێخ محەممەد بن راشد ئال مەکتووم جێگری سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی ئیمارات و حاکمی دوبەی ئامادە بوو ، هەردوولا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ئیماراتیان کرد و پێویستی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکەیان دووپات کردەوە.

هەروەها ئاماژەشی داوە، جەختیان لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات و فراوانکردنی هاوکاریی و هاوئاهەنگیی نێوانیان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا.

هاوکات مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: لە شاری ئەبوزەبی، لەگەڵ هەردوو برای بەڕێزم خاوەنشکۆ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو و خاوەنشکۆ شێخ محەممەد بن ڕاشد ئال مەکتووم جێگری سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی ئیمارات و حاکمی دوبەی، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەمان تاوتوێ کرد.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەشی داوە، لە کۆبوونەوەکەدا، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ئیماراتمان کرد و پێویستیی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکەمان دووپات کردەوە. هەروەها جەختمان لە گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات و فراوانکردنی هاوکاریی و هاوئاهەنگیی نێوانمان کردەوە.