ئێران: ئیرادەمان بۆ سەرکوتکردنی هێزە بیانییەکان لە هورمز بەهێزتر دەبێت

سوپای پاسدارانی رایگەیاند: هێزەکانیان لە یەکەم هەنگاوی وەڵامدانەوە توندەکەیاندا بۆ سەر بۆردومانەکانی کەناراوی باشووری وڵاتەکەیان، توانیویانە  درۆنی پێشکەوتووی سوپای ئەمریکا لە جۆری MQ-9 لە ڕێگەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بخەنە خوارەوە.

سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، راگەیەنراوێکی لە بارەی بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەناراوەکانی باشووری وڵات بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان دەستیان بە وەڵامدانەوەیەکی سەربازیی توند لە دژی هێزەکانی ئەمریکا کردووە.

لە راگەیەنەراوەکەدا هاتووە، بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی گەلی ئێران و خۆڕاگریی هێزەکانیان لە گەرووی هورمز، کێشەی گەورەی بۆ فەرماندە و بەرپرسانی کۆشکی سپی دروستکردووە. 

سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە  چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر، سوپای ئەمریکا لە چوارچێوەی "هێرشێکی کوێرانە و لەبێهیواییدا"، چەندین ناوچەی لە کەناراوەکانی باشووری ئێران بۆردومان کردووە، کە چەند پێگەیەکی مەدەنیشی تێدا بووە.

سوپای پاسداران جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە تەنیا کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز توندتر دەکەن و ئیرادەیان لە بەرپەرچدانەوە و سەرکوتکردنی هێزە دەرەکییە دەستوەردەرەکان لە گەرووی هورمز بەهێزتر دەکات.

سوپاسی پاسداران دەڵێت: "شەڕکەرانی سوپای پاسداران وەڵامی پەشیمانکەرەوەیان بۆ ئەمریکا دەستپێکردووە و، لە یەکەم هەنگاویشدا، لە رێگەی سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانییەوە، توانیویانە درۆنی پێشکەوتووی سوپای ئەمریکا لە جۆری MQ-9 بخەنە خوارەوە."