میدیاکان: بەهۆی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئاهەنگێکی هاوسەرگیری 52 کەس بوونەتە قوربانی
جێگری پارێزگاری هورمزگان رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە شاری کوهستەک لە سنووری شارۆچکەی سیریک، 52 کەس بوونەتە قوربانی
سێشەممە 1ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، ئەحمەد نەفیسی، جێگری سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتیی پارێزگاری هورمزگان وردەکاریی هێرشەکەی خستەڕوو و رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە شاری کوهستەک لە سنووری شارۆچکەی سیریک، دوو کەس کوژراون و 50 کەسی دیکەش بریندار بوون.
جێگری پارێزگاری هورمزگان ئاشکرای کرد، بۆ بەهاناوەچوونی قوربانیان، 15 ئەمبوڵانس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون و پرۆسەی راماڵینی داروپەردووی رووخاویش کۆتایی پێهاتووە.هەروەها بەشێک لە بریندارەکان دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە و ژمارەیەکی دیکەشیان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێشکەوتووتر گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری میناب.
ئەحمەد نەفیسی لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی خراپیی دۆخی تەندروستیی بەشێک لە بریندارەکان، ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان لە ئارادایە و ئاماری کۆتایی دوای تەواوبوونی رێکارە پزیشکییەکان رادەگەیەنرێت، هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە تیمەکانی فریاگوزاری لە یەکەم ساتەوە لە شوێنی رووداوەکە ئامادە بوون و بەردەوامن لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکان.