ئاژانسی وزەی ئەتۆم: ئێران رێگری لە پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی دەکات

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداریی داوە، کە نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە بنکە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران پێویستی بە چارەکردنی خێرا و بە پەلە هەیە، هەروەها نەبوونی زانیاریی پێویست لەم بارەیەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی نیگەرانیی جیددی لەسەر ئاستی جیهانی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی.

سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا، کە دەست ئاژانسی فرانس پرێس کەوتووە، رایگەیاندووە کە نەبوونی ڕێگەپێدان بە گەیشتن بە بنکە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران، بابەتێکە پێویستە "بە خێراترین کات چارە بکرێت".

ئاژانسەکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: "نەبوونی زانیاریی پێویست لە لایەن ئاژانسەکەوە لەسەر ئەم ماددە ئەتۆمییانە و نەبوونی مۆڵەت بۆ چوونە ناو دامەزراوەکان بە مەبەستی پشکنین و پشتڕاستکردنەوە، جێگەی نیگەرانییە لەسەر ئاستی جیهانی بۆ پرسی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی."

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە دوای مانگی حوزەیرانی 2025ـەوە نەیتوانیوە بگاتە هەندێک لە بنکە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران؛ ئەمەش دوای ئەوەی ئیسرائیل بە هاوکاریی ئەمریکا جەنگێکی 12 رۆژەی ڕاگەیاند، کە هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی تارانیش تێیدا لەخۆگرتبوو. هاوکات لە دوایین جەنگدا کە لە 28ـی شوباتدا هەڵگیرسا، چەند بنکەیەکی ئەتۆمی دیکەش کرانە ئامانج، لەو کاتەوە ئاژانسی ئەتۆم بەردەوام داوای رێگەپێدانی کردووە بۆ پشکنین بەڵام بێسوود بووە.

لە لایەکی دیکەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ئەمڕۆ بەڵێنی دا کە وڵاتەکەی هەمان هەڵوێستی دەبێت بەرامبەر هەر هەنگاوێکی ئەمریکا بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی مانگی حوزەیران کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بوو بە جەنگی نێوانیان.

ئەم رێککەوتنە کە بڕیاربوو زەمینە خۆش بکات بۆ وتووێژەکانی کۆتایی ئاشتی، بە تەواوی داڕما دوای ئەوەی هەردوولا یەکتریان بە پێشێلکردنی مەرجەکان تۆمەتبار کرد.